قایمقامی چۆمان: شەقامی سەنتەری حاجی ئۆمەران دەکرێتە دووساید
K24 - هەولێر
قایمقامی چۆمان رایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی داوە بۆ ئەوەی شەقامی سەنتەری حاجی ئۆمەران بکرێتە دووساید.
ئەمڕۆ دووشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی2024، سوارە ئەکرەم، قایمقامی قەزای چۆمان بە کوردستان24ـی گوت: "بە گوێرەی ئەو نووسراوی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، کە رەزامەندی دراوە بە تەرخانکردن و خەرج کردن لەلایەن وەزارەتی دارایی، پڕۆژەی دووسایدی شەقامی سەنتەری حاجی ئۆمەران، بە گوژمەی پێنج ملیار و 187ملیۆن و 300هەزار دینار، بە شێوەی نەختینەیە لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ دەکرێت".
ئاماژەی بەوەشدا: "لە رووی تەندەر و نەخشەسازییەوە، کە نزیکەی مانگێک بۆ دوومانگی دەوێت، تاکو لە رووی تەندەرەوە و کۆمپانیاوە کە چ کۆمپانیایەک دەیکات، بۆ مەبەستی بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە".
گوتیشی: "پڕۆژەی بە دووساید کردنی حاجی ئۆمەران لە رووی گەشتوگوزار و بازرگانییەوە گرنگی زۆری هەیە، هەروەها لە رووی گەشەپێدانی حاجی ئۆمەرانیشەوە گرنگی خۆی دەبێت، کە وەک شوێنێکی سنووریی بوژاندنەوەیەکی باش بەخۆوە دەبینێت".
قایمقامی چۆمان، راشیگەیاند: "شێوازی نەخشەسازی حاجی ئۆمەرانیش دەگۆڕێت، لە گوندێک دەگۆڕدرێت بۆ شارۆچکەیەکی رێک و جوان، ئەمە لە رووی ئەندازیارییەوە، جگە لەوەی کە کێشەی بازاڕی حاجی ئۆمەران چارەسەر دەکات".
سوارە ئەکرەم، خستەڕوو: "رێڕەوەکە دووسایدێکی 20مەترییە، لەناو سنووری حاجی ئۆمەران و بە درێژایی دوو کیلۆمەتر، لە خاڵی سنووری دەستپێدەکات بەناو بازاڕی حاجی ئۆمەران تێدەپەڕێت".
ئا: لاڤین عومەر