هەڵۆ تاڵەبانی: ماڵی کورد لە داڤوس بازرگان و وەبەرهێنەری زیاتری جیهان دێنێتە کوردستان

هەڵۆ تاڵەبانی
هەڵۆ تاڵەبانی

K24-هەولێر:

کۆڕبەندی داڤۆس 2024، ئەمڕۆ دووشەممە بە درووشمی" بنیاتنانەوەی متمانە" دەستیپێکرد و تا رۆژی هەیینی، 19-01-2024، بەردەوام دەبێت. کۆڕبەندی ئەمساڵ پێشوازی دەکات لە 100 سەرۆک حکومەت و زۆربەی دەزگا و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هەزار هاوبەشی کۆڕبەندەکە و سەرکردە کۆمەڵایەتییەکان. هەروەها شارەزایان و نوێنەرانی گەنجان، کارسازان و میدیاکانیش ئامادە دەبن.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، مەسرور بارزانی لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانیی داڤۆس، لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی باڵای وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و جیهان کۆدەبێتەوە و لە دیدارەکانیدا، چەندین تەوەر و پرسی ناوخۆیی و هەرێمی و جیهانی تاوتوێ دەکات، لەوانەش پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە بەتایبەتی لە بوارەکانی ئابووری و وەبەرهێناندا.

ئەمڕۆ دوو شەممە(15ی کانوونی دوەەمی 2024)،هەڵۆ تاڵەبانی خاوەنکاری کوردستان  لە بەردەم ماڵی کورد لە داڤوس بە کوردستان24ی راگەیاند: دروستکردنی ماڵی کورد لە داڤوس زۆر گرنگە کە دەبوا زۆر زووتر ئەو کارە ئەنجامدرابووایە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانی کۆمپانیاکان دەکات بۆ ئەوەی بێنە هەرێمی کوردستان، دەشڵێت: ئەو ماڵی کوردە ماڵێکی گەورەیە، پردێکە لە هەرێمی کوردستان بۆ هەموو جیهان بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان زیاد بکات، ئێمە تەنها خۆمان بەوان ناناسێنین، بەڵکو پێیان دەناسێنین کوردستان وڵاتێکی ئارامە، وڵاتێکە شوێنی بازرگانیی و وەبەرهێنانە.

ئەو بازرگانە کوردە پێی وایە، دروستبوونی ماڵی کورد هەنگاوێکی نوێیە، هەنگاوێکە بۆ ئەوەی پرۆفیشیناڵانە بچنە پێشەوە، ئەو دەڵێت: وڵاتانی دیکە گەورەی جیهان هاتوون خۆیان بناسێنن، ئێمەش لەتەک ئەواندا هاتووینە پێشەوە، بە دڵنیایی دەڵێم کە ئەگەر پشتیوانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی نەبوایە، ئەو پرۆژەیە بۆ ماڵی کورد لە داڤۆس نەدەکرا، ئەو ماڵی کوردە کە ماوەیەکە خەریکی دروستکردنن، هەموومان کۆ دەکاتەوە، دەشڵێت: ساڵێکی دیکە گەورەتر و فراوانتر چاڵاکییەکان ئەنجام دەدات.

لەبارەی هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە داڤوس، ئەو خاووەنکارەی کوردستان گوتی: هەر ساڵێک هەنگاوی گەورەتر دەنرێت لە داڤۆس، چونکە جگەلە حکومەت، ئەمساڵ بازرگان و خاوەنکارەکان بەشدارن، ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە پێویستمان بە وەبەرهێنان و کارە، پێویستمان بەوە هەیە پارەی زیاتر بێنین بۆ کوردستان، زیاتر گوتی: هەنگاوەکانی ئەمساڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە داڤۆس جیاوازی تێدا بوو، هەنگاویی ئەوساڵەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستکردنی پردێکە لەنێوان جیهان و هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی پارە بێننە کوردستان، چونکە دەمانەوێت کارگە دروست ببێت لە کوردستان، کشتوکاڵ و پیشەسازی دروست بێت، دەمانەوێت کوردستان بە هەموو ئەو بازرگانە گەورانەی جیهان بناسێنین کە لە داڤۆس کۆ دەبنەوە.