زکری بەشیر: ماڵی کوردستان لە داڤۆس دەبێتە هۆی بەرەوپێشچوونی ئابووری هەرێمی کوردستان

زکری بەشیر، خاوەنی کاڤین گرووپ
زکری بەشیر، خاوەنی کاڤین گرووپ

K24 – داڤۆس:

خاوەنی کاڤین گرووپ، ئاماژە بەوەدەکات، ماڵی کوردستان لە داڤۆس دەرفەتێکی زۆر باش بۆ کۆمپانیا ناوخۆییەکان دەڕەخسێنێت تا لەوێوە لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان کۆببنەوە، تا بیر و راکانیان ئاڵوگۆڕ بکەن لە پێناو بەرەوپێشچوونی کاری کۆمپانیا ناوخۆییەکان بە ئومێدی بەرەوەپێشچوونی ئابووری کوردستان.

زکری بەشیر، خاوەنی کاڤین گرووپ، بە کوردستان24ـی راگەیاند، زیاتر لە 10 کۆمپانیای بازرگانی لە کوردستان هاتوونەتە داڤۆس، "ئێمە پلانمان ئەوەیە سەردانی کۆمپانیا جیهانییەکان بکەین، هاوکات کۆمپانیا جیهانییەکانیش بانگهێشت دەکەین بۆ سەردانیکردنی ماڵی کوردساتن لە داڤۆس، بە پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەستەی وەبەرهێنان پلانی باش دانراوە بۆ بەرەوپێشچوونی ئابووری هەرێمی کوردستان.

خاوەنی کاڤین گرووپ، ئاماژەی بەوەدا، ماڵی کوردستان لە داڤۆس دەبێتە هۆی بەرەوپێشچوونی ئابووری هەرێمی کوردستان، هاوکات ئابووری هەرێمی کوردستان دەگەیەنێتە قۆناغی نوێیەوە، چونکە لێرەدا زیاتر تێکەڵاوی و لێکتێگەشتن لەنێوان کۆمپانیا جیهانییەکان و کۆمپانیا ناوخۆییەکانی کوردستان دروست دەبێت.

زکری بەشیر، دەڵێت: لە رێگەی ماڵی کوردستانەوە لە داڤۆسەوە ئێمە دەتوانین کۆمپانیاکەی خۆمان بە هەموو کۆمپانیا جیهانییەکان بناسێنین و زیاتر بەرەوپێشچوون بەدەستبخەین لەو بوارانەی کە کاری تێدا دەکەین.

گرووپی کۆمپانیاکانی کاڤین لە مانگی ئایاری ساڵی 2005 پاش یەکگرتنی ژمارەیەک کۆمپانیا کە رۆڵیان هەبوو لە جێبەجێکردن و پێشخستنی پڕۆژەکان لە هەرێمی کوردستان، کاڤین گرووپ تیشکی خستووەتەسەر بونیادنان، بیناسازی، بازرگانی، وەبەرهێنان، پەیوەندییەکان، میوانخانە و میوانداری، مۆڵ و چەندین بواری دیکە.