عەلی نیزامەدین: ماڵی کوردستان لە داڤوس  کلتووری کوردستان بە جیهان دەناسێنێت

عەلی نیزامەدین
عەلی نیزامەدین

K24-هەولێر:

ئامادەکاری ماڵی کوردستان لە داڤوس ئاماژە بەوە دەکات، دروستکردنی ماڵی کورد لەژێر دیدگا و پلانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێزە لەنێوان کوردستان و جیهان.

ئەمڕۆ دووشەممە(15ی کانوونی دووەمی 2024)،  عەلی نیزامەدین ئامادەکاری ماڵی کوردستان لە داڤوس بە کوردستان24 ی راگەیاند:

سبەی بە فەرمی ماڵی کوردستان دەکرێتەوە، دەڵێت: لە سەرەتای کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، تەواوی هەوڵی خۆیداوە لە سەردانەکانیدا هەنگاو بنێین بۆ هەمەچەشنکردنی ئابووری، ساڵانی پێشووتر کە بەرێزیان بەشداری کۆڕبەندەکەیان کرد، ئەنجامەکەی ئەوە بوو توانیان بەرهەمی کوردستان بنێرنە دەرەوەی وڵات.

عەلی نیزامەدین ئاشکرای کرد، ئەمساڵ لەژێر دیدگا و پلانەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ماڵی کوردستان لە داڤوس دەکرێتەوە، ئامانجی کردنەوەی ماڵەکە ئەوەیە وەبەرهێنەران بێنینە کوردستان و لەو بوارەشدا کارمان کردووە، زۆرێک لە وەبەر‌هێنەرانی کوردستان هاتوونەتە داڤوس بۆ ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ وەبەرهێنەرانی جیهان دروستبکەن، بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە بازنەیەکی دیاریکراودا بچێتە بازنەیەکی نێودەوڵەتی، ئەوەش بەشێکە لەو هانگاو و دیدگایانەی کە هەیە بۆ زیادکردنی وەبەرهێنان و هەمەچەشنکردنی ئابووری لەلایەن سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی.

راشیگەیاند: لە ماڵی کوردستان لە داڤوس، جیهان بە کلتووری کوردستان ئاشنا دەکرێت، لە پەرتووک و وێنەی مێژووی و تابلۆ و چایی، کوردی نیشانی میوانان دەدرێت.

 کۆڕبەندی داڤۆس 2024 بە درووشمی" بنیاتنانەوەی متمانە" لە رۆژانی (15 بۆ 19ـی کانوونی دووەمی 2024) بەڕێوەدەچێت. کۆڕبەندی ئابووریی جیهان بە ئامانجی درووستکردنەوەی متمانە بۆ ماوەی پێنج رۆژ تەواوی جیهان سەرقاڵ دەکات.

کۆڕبەندی ئەمساڵ پێشوازی دەکات لە 100 سەرۆک حکومەت و زۆربەی دەزگا و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هەزار هاوبەشی کۆڕبەندەکە و سەرکردە کۆمەڵایەتییەکان. هەروەها شارەزایان و نوێنەرانی گەنجان، کارسازان و میدیاکانیش ئامادە دەبن.