بژار خەلیل: بوونی کورد لە داڤوس بەرهەمی ئەو هەوڵە دیبلۆماسیانەیە کە پێشتر دراوە

بژار خەلیل
بژار خەلیل

K24-هەولێر:

شارەزایەکی سیاسەتی نێودەوڵەتی ئاماژە بەوە دەکات، هەوڵی پێشتر و ئێستای سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی بووە لە رووی دیبلۆماسیەوە، ئێستا کورد لە داڤۆس بێت و، وەبەرهێنەرانەی جیهان بە دڵنیابوون لە ئارامی و ئاسایش، بێنە کوردستان دەست بە وەبەرهێنان بکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە(15ی کانوونی دووەمی 2024)،بژار تەها خەلیل شارەزای سیاسەتی نێودەوڵەتی لە سلێمانیەوە بە کوردستان24 ی راگەیاند: ئابوور و سیاسەت دوانەیەکی لێک دانەبڕوان، داڤوس ئەو شوێنەیە کە تیرە هاوێژراوەکان، کەوانەکەی لە داڤۆس  دەشاردرێتەوە، هەرچی بڕیارە سیاسیەکانە  وا بەستەی بڕیاری ئابوورین، دەشڵێت: چوونی ئەو کۆمپانیایانەی کوردستان بۆ داڤوس گرنگییەکەی لەوەدایە کۆمەڵێک گرێبەستی ئابووری ئیمزا دەکەن، ئەوەش بوونی متمانەی کۆمپانیا و سەرمایەدارانی جیهانە  بە ئارامی لە کوردستان کە لێکەوتەیەکی سیاسی گەورەی دەبێت کە دەبێتە جۆرێک لە داننان بە کیانی سیاسی کوردی وەک دەسەڵاتێکی سەربەخۆ ئەگەر راشنەگەیەندرابێت.

لەبارەی کاریگەرییەکانی بەشداریی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی لە کۆڕبەندی داڤوس، ئەو شارەزایە گوتی: ناکرێ کوردستان لەو ئاڵۆزیە دەربکەین کە لە ناوچەکەدا هەیە، بەتایبەت  لە ئاڵۆزیی گەرووە ئاویەکان کە بازرگانی جیهانی پێیدا تێپەڕ دەبێت، بۆیە بەشداریی کورد لە داڤوس گرنگی زۆری هەیە و لە بەرژەوەندی کورددایە، دەڵێت: پێویستە کورد بە وردبینی زیاتر سەیری ئەو رووداوە بکات.

بژار خەلیل رایدەگەیەنێت: کورد بە ئاسانی نەگەیشتۆتە داڤوس، بەرهەمی ئەو هەوڵە دیبلۆماسیانەیە کە پێشتر دراوە لەلایەن سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، دەڵێت: بوونی نوێنەرایەتی و کونسوڵخانەی وڵاتانیش بەرچاوروونی داوەتە وەبەرهێنەرانی جیهان لە ئارامی و سەقامگیریی کوردستان کە چاودێرێکی باشن لەسەرئەوەی تێدا دەگوزەرێت بە جیاوازی لەگەڵ عێراقدا.

کۆڕبەندی داڤۆس 2024 بە درووشمی" بنیاتنانەوەی متمانە" لە رۆژانی (15 بۆ 19ـی کانوونی دووەمی 2024) بەڕێوەدەچێت.

 کۆڕبەندی ئابووریی جیهان بە ئامانجی درووستکردنەوەی متمانە بۆ ماوەی پێنج رۆژ تەواوی جیهان سەرقاڵ دەکات.

کۆڕبەندی ئەمساڵ پێشوازی دەکات لە 100 سەرۆک حکومەت و زۆربەی دەزگا و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هەزار هاوبەشی کۆڕبەندەکە و سەرکردە کۆمەڵایەتییەکان.