جۆوڵ ڤوادنس چان: گرنگه‌ له‌ داڤۆس ژینگه‌ی سه‌قامگیری هه‌رێمی كوردستان بناسێندرێت

جۆوڵ ڤوادنس چان، دامه‌زرێنه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكار له‌ گرووپی سویس لیده‌رز
جۆوڵ ڤوادنس چان، دامه‌زرێنه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكار له‌ گرووپی سویس لیده‌رز

K24 - هەولێر:

ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه‌ 15ـی كانوونی دووه‌می 2024) جۆوڵ ڤوادنس چان، دامه‌زرێنه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكار له‌ گرووپی سویس لیده‌رز تایبه‌ت به‌ كوردستان24 رایگه‌یاند، داینامیكی و جووڵه‌ی خه‌ڵك و ئابووری هه‌رێمی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز ده‌بینێت. ده‌شڵێت خه‌ڵكێكی زیره‌ك و كاركه‌ر له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌.

باسی له‌وه‌ش كرد، خاڵێكی دیكه‌ی سه‌رنجڕاكێش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی كولتوورێكی فره‌چه‌شن و فره‌ڕه‌هه‌نده‌ و پێكهاته‌ی زۆر له‌ناو كوردستاندا به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌ژین، كه‌ ئه‌مه‌ش خاڵی به‌هێزی هه‌رێمی كوردستانه‌ و دنیابینی خه‌ڵك و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نیشان ده‌دات.

جۆوڵ ڤوادنس چان تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ش، بوونی ماڵی كوردستان له‌ داڤۆس سه‌رنجڕاكێشه‌ و ده‌توانێت هه‌رێمی كوردستان به‌ ته‌واوه‌تی نیشانی میوانه‌كانی بدات. گوتیشی، گرنگه‌ به‌رله‌وه‌ی بزنس بكرێت، ناوچه‌ و ژینگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بناسێنرێت.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، بوونی ماڵی كوردستان ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی گرنگه‌ و پێگه‌ و رۆڵی هه‌رێمی كوردستان له‌ داڤۆس و سویسرا زیاتر ده‌خاته‌ڕوو.

ئەمڕۆ دووشەممە، 15-01-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی شاندێک بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس؛ بەرەو سویسرا بەڕێکەوت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، مەسرور بارزانی لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانیی داڤۆس، لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی باڵای وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و جیهان کۆدەبێتەوە و لە دیدارەکانیدا، چەندین تەوەر و پرسی ناوخۆیی و هەرێمی و جیهانی تاوتوێ دەکات، لەوانەش پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە بەتایبەتی لە بوارەکانی ئابووری و وەبەرهێناندا.

ئاماژە بەوەش کراوە، بڕیارە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پانێلێکی کۆڕبەندەکەشدا بەشدار بێت، کە تایبەتە بە ململانێ و ناکۆکییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "بەشداریی سەرۆکی حکومەت لە کۆڕبەندی داڤۆس، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانیدایە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتان و تاوتوێکردنی ئەو پرسانەی کە پەیوەندییان بە ئایندەی عێراق و ناوچەکە بە گشتی هەیە".

شاندی هەرێمی كوردستان لە ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی و وەبەرهێنەر و خاوەنکارانی کوردستان پێکهاتووە کە یەکەمجارە بەشداری لە داڤۆس دەکەن. هەروەها بە دەستپێشخەری و راسپاردەی سەرۆکوەزیران، ماڵی کوردستان لە داڤۆس دەکرێتەوە.

کۆڕبەندی داڤۆس 2024، ئەمڕۆ دووشەممە بە درووشمی" بنیاتنانەوەی متمانە" دەستیپێکرد و تا رۆژی هەیینی، 19-01-2024، بەردەوام دەبێت. کۆڕبەندی ئەمساڵ پێشوازی دەکات لە 100 سەرۆک حکومەت و زۆربەی دەزگا و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هەزار هاوبەشی کۆڕبەندەکە و سەرکردە کۆمەڵایەتییەکان. هەروەها شارەزایان و نوێنەرانی گەنجان، کارسازان و میدیاکانیش ئامادە دەبن.