رێناس جانۆ: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە حیکمەتی خۆی سوود لە داڤۆس وەردەگرێت بۆ بەرژەوەندی کوردستان

K24-هەولێر:

مامۆستایەکی زانکۆ ئاماژە بەوە دەکات، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە حیکمەت و زانایی خۆی سوودی لەو دەرفەتە وەرگرتووە لە داڤوس بۆ ئەوەی دەنگ و رەنگی کوردستان بگەیەنێتە جیهان.

ئەمڕۆ دووشەممە(15ی کانوونی دووەمی 2024)، رێناس جانۆ، مامۆستای زانکۆ لەبارەی بەشداریی کاریگەری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کۆڕبەندی داڤوس بە کوردستان24ی راگەیاند : کۆڕبەندی داڤوس ئەگەر بۆ وڵاتانی جیهان گرنگ بێت، بۆ هەرێمی کوردستان بە چاوێکی جیاوازتر لێی دەڕواندرێت بە حیکمەت و زانایی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی کە سوودی لەو دەرفەتە وەرگرتووە دەنگ و رەنگی هەرێمی کوردستان بگەیەنێتە جیهان، نیاز و نیەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئەوەیە هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا بناسرێت بەشێوەیەکی مۆدێرن و نوێ، دەشڵێت: ئەو قوربانییەی گەلی کوردستان لە پێشتر داویەتی، بووە هەوێنی پێشکەوتنی ئەمڕۆ کە دەکرێت هەمووان بەشدار بن لەو پێشکەوتنەی هاتۆتە پێش.

 لەبارەی کردنەوەی ماڵی کوردستانیش لە داڤوس لە ریزی ماڵی وڵاتانی جیهان، رێناس جانۆ پێی وابوو، ئەوەی ئێستا گوزەر دەکات، رێکخستنێکی پێوە دیارە کە پێشتر بەدی نەکراوە و شوێنی خۆیان نەگرتووە، ئێستا لەنێو ماڵێکدا ئەو پەیوەندیانە رێک دەخرێت.

دەشڵێت: پێویستە لە ماڵی کوردستان رێککەوتنە سیاسیی و بازرگانیی و زانستیەکان گرنگن لەماڵەکە ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی خەڵکی شارەزا و پسپۆر و کاریگەر لەو رێگەیەوە روو بکەنە کوردستان، رێناس نەیشاردەوە کە لە ئێستادا  کوردستان پێویستی بە لۆبیەکی بەهێزە لە دەرەوەی وڵات بۆ دروستکردنی کاریگەری راکێشانی سەرنجی جیهان بەلای کوردستاندا .

رێناس جانۆ کێشە و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەی بەستەوە بە بەرژەوەندییەکانی کوردستان لەنێو ئەو ئاڵۆزیانەدا بە حیکمەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و گوتی: ئێستا کوردستان لەناو جەرگ و دڵی رووداو گەلێکە لە ناوچەکە و دانابڕێت لەو ئاڵۆزیانە، بۆیە هەبوونی سەرۆکوەزیرانی کوردستان مەسرور بارزانی لە داڤوس زۆر گرنگە کە خاڵە گرنگەکانی کوردستان لە پێشکەوتن بگەیەنێتە جیهان، پێی وایە پاراستنی ئاسایشی کوردستان گرنگە لە کۆڕبەندەکە باسی لێوە بکرێت.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ پێی وایە، لە سەرەتای دروستبوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن مەسرور بارزانی، هەندێک لایەن نیەتی باشیان نەبوو لەگەڵ کابینەکە، بەڵام بە حیکمەتەوە سەرۆکوەزیران ئیدارەی قەیرانەکانی کرد کە بەدەر لە دەسەڵاتی حکومەتی هاتنە پێش، بۆیە بەرگری لە کارنامەکانی کابینەکەی کرد بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیان، هەموو رێگرییەکانیشی لەسەر رێگەکەی لادا، گوتی: ئەوەی کە پڕ مەترسییە ئەوەیە، کەسانێک و لایەنانێک هەن شەرعیەتی هەرێمی کوردستان بە ئامانج دەگرن، ئەوەش هەوڵێکی تازە نییە، نەیار هەن کە نایانەوێت ئەو ئەزموونە و قەوارەی هەرێمی کوردستان بمێنێت.

کۆڕبەندی داڤۆس 2024 بە درووشمی" بنیاتنانەوەی متمانە" لە رۆژانی (15 بۆ 19ـی کانوونی دووەمی 2024) بەڕێوەدەچێت. کۆڕبەندی ئابووریی جیهان بە ئامانجی درووستکردنەوەی متمانە بۆ ماوەی پێنج رۆژ تەواوی جیهان سەرقاڵ دەکات.