سوپای پاسداران بەرپرسیاریەتی خۆی لە هێرشەکەی سەر هەولێر راگەیاند

دیمەنێکی هێرشەکەی سەر هەولێر
دیمەنێکی هێرشەکەی سەر هەولێر

K24 – هەولێر:

لە راگەیەندراوێکدا سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەرپرسیاریەتی خۆی لە هێرشەکەی سەر هەولێر راگەیاند و ئاشکرایکردووە هێرشەکە بە مووشەکی بالیستی بووە.

درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەنجامدانی هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر شاری هەولێر راگەیاند.

لە راگەیەندراوەکەدا، سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەکردووە کە هێرشەکە مووشەکی بالیستی ئەنجامداوە و چەند ئامانجێکیان پێکاوە و پاساوی هێرشەکەشیان بۆ تۆڵەکردەوە لە هێرشەکەی ئەم دواییەی سەر وڵاتەکەی هێناوەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوەیەک بۆ کوردستان24، لە هێرشەکەی سەر هەولێر دوو هاووڵاتی شەهیدبوون و پێنج کەسی دیکەش برینداربوون کە سەرجەم قوربانییەکان هاووڵاتی مەدەنین و زیان بە خانوو و ماڵی ژمارەیەک هاووڵاتیش کەوتووە.