رۆیتەرز: ئەمەریکا رەتیدەکاتەوە هیچ بنکەیەکی لە هەولێر کرابێتە ئامانج

دیمەنێک لە هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر
دیمەنێک لە هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر

K24 – هەولێر:

ئاژانسی هەواڵەکانی رۆیتەرز رایگەیاندووە، هیچ بنکە و بارەگایەکی ئەمەریکا لە هێرشە مووشەکییەکەی سەر شاری هەولێر نەکراوەتە ئامانج.

رۆژی سێشەممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024) رۆیتەرز لە زاری دوو بەرپرسی ئەمەریکی گواستووەتەوە، لە هێرشە مووشەکییەکەی سەر شاری هەولێر هیچ ئەمەریکییەک لە ریزی قوربانییەکان نییە و هیچ بنکە و بارەگایەکی ئەمەریکاش لە هەولێر نەکراوەتە ئامانج.

درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024)، لە شاری هەولێر چەند دەنگێکی گەورە بیسترا، بە پێی زانیارییەکان هێرشەکە مووشەکی بووە لە نزیك مەلا ئۆمەر و گوندی کەلەکین کەوتوونەتە خوارەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوەیەک بۆ کوردستان24، لە هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر، چوار هاووڵاتی شەهیدبوون و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون کە سەرجەم قوربانییەکان هاووڵاتی مەدەنین و زیان بە خانوو و ماڵی ژمارەیەک هاووڵاتیش کەوتووە.

هاوکات هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) بڵاویکردووەتەوە، هێرشەکە ماڵی هاووڵاتییەکی مەدەنی کردووەتە ئامانج بەناوی پێشڕەو دزەیی و خۆی و چەند ئەندامێکی بنەماڵەکەی شەهیدبوون.

لەلایەن خۆیەوە، لە راگەیەندراوێکدا سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەرپرسیاریەتی خۆی لە هێرشەکەی سەر هەولێر راگەیاند و ئاشکرایکردووە هێرشەکە بە مووشەکی بالیستی بووە.

بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024) ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر سەبارەت بەو هێرشانەی کە شەوی رابردوو کراونەتە سەر هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەولێر ئارامە و لەلایەن هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس هەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ هەر حاڵەتێک و ئەگەرێکی نەخوازراو و لەخزمەت هاووڵاتییان دەبن.