پێنتاگۆن بۆ کوردستان24: ئاگاداری هێرشەکەی سەر هەولێرین و هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکەین

پێنتاگۆن
پێنتاگۆن

K24 – هەولێر:

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن" بۆ کوردستان24 رایگەیاند، "لە هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر هەولێر هیچ دامەزراوەیەکی ئەمەریکا نەکراوەتە ئامانج و هیچ کەسێکمان گیانی لەدەستنەداوە".

بەرەبەیانی سێشەمە (16ـی کانوونی دووەمی 2024) وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن" بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئاگاداری هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێرن و لەو هێرشەدا هیچ دامەزراوەیەکی ئەمەریکا نەکراوەتە ئامانج.

پێنتاگۆن ئاماژە بەوەشدا، لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیدان.

رۆژی سێشممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024) ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "کاتژمێر 11:30ـی شەوی 15 لەسەر 16ـی کانوونی دووەمی 2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین مووشەکی بالیستی چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی هەولێری بۆردومان کرد.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "سوپای پاسداران رایگەیاندووە، ئەم هێرشە بۆ سەر چەند پێگەیەکی گرووپە دژبەرەکانی ئێران بووە. ئەم بیانووە بێ بنەمایە و رەتی دەکەینەوە، بەداخەوە هەمیشە بیانووی بێبنەما بۆ هێرشکردنە سەر هەولێر بەکاردێنن و هەولێر وەک دەڤەرێکی سەقامگیر هیچ کات سەرچاوەی هەڕەشە نەبووە بۆ سەر هیچ لایەنێک".

بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024) ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر سەبارەت بەو هێرشانەی کە شەوی رابردوو کراونەتە سەر هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەولێر ئارامە و لەلایەن هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس هەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ هەر حاڵەتێک و ئەگەرێکی نەخوازراو و لەخزمەت هاووڵاتییان دەبن.