سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پەیوەندیدا دەبین بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی سەر خەڵکی کوردستان

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پەیوەندیی بەردەوامدا دەبین لەپێناو کۆتاییهێنان بەم هێرشە دڕندانانەی دەکرێنە سەر خەڵکی بێ تاوانی کوردستان.

رۆژی سێشەممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "جارێکی دیکە هەولێری سەربەرز کرایەوە ئامانجی هێرشی مووشەکیی سوپای پاسدارانی ئێران. بەداخەوە لە ئەنجامی ئەم هێرشە بێ پاساوە، شەهید و برینداری سڤیل هەیە".

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی داوای لە حکومەتی فیدراڵی دەکات هەڵوێستی توندیان هەبێت بەرامبەر بەم پێشێلکارییەی دەکرێتە سەر سەروەریی عێراق و بەتایبەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات لەسەر ئەو ستەمکارییەی بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان دەکرێت بێنە دەنگ.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رایگەیاندووە: "لە رۆژانی داهاتوودا، لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پەیوەندیی بەردەوامدا دەبین لەپێناو کۆتاییهێنان بەم هێرشە دڕندانانەی دەکرێنە سەر خەڵکی بێ تاوانی کوردستان.

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

جارێکی دیکە هەولێری سەربەرز کرایەوە ئامانجی هێرشی موشەکیی سوپای پاسدارانی ئێران. بەداخەوە لە ئەنجامی ئەم هێرشە بێ پاساوە، شەهید و برینداری سڤیل هەیە. 

داواکارم لە خوای گەورە، شەهیدەکان بە بەهەشت شاد بکات و بریندارەکان هەرچی زووتر چاک ببنەوە. بە توندی ئەم تاوانە بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان شەرمەزار دەکەم.

داواش لە حکومەتی فیدراڵی دەکەم هەڵوێستی توندیان هەبێت بەرامبەر بەم پێشێلکارییەی دەکرێتە سەر سەروەریی عێراق و بەتایبەتی هەرێمی کوردستان.

هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەم لە سەر ئەو ستەمکارییەی بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان دەکرێت بێنە دەنگ. لە رۆژانی داهاتوودا، لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پەیوەندیی بەردەوامدا دەبین لەپێناو کۆتاییهێنان بەم هێرشە دڕندانانەی دەکرێنە سەر خەڵکی بێ تاوانی کوردستان.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان