وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە توندی هێرشەکەی سەر هەولێر ئیدانە دەکات

ماتیۆ میله‌ر، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا
ماتیۆ میله‌ر، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا

K24 – واشنتن:

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هەڵوێستی خۆی بەرامبەر هێرشە مووشەکییەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر راگەیاند و پشتگیری بۆ هەوڵەکانی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی دووپاتکردەوە.

رۆژی سێشەممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024) ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، بە توندی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر ئیدانە دەکەین و سەرەخۆشی بۆ کەسوکاری قوربانییەکان دەنێرین.

ماتیۆ میلەر ئاماژەی بەوەکردووە، دژی هێرشە مووشەکییە بێ بنەماکانی ئێرانین کە دەبنەهۆی ناسەقامگیرکردنی عێراق و پشتگیری بۆ هەوڵەکانی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی دووپاتکردەوە.

رۆژی سێشممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024) ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "کاتژمێر 11:30ـی شەوی 15 لەسەر 16ی کانوونی دووەمی 2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین مووشەکی بالیستی چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی هەولێری بۆردومان کرد، بەداخەوە بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان چوار هاووڵاتیی سڤیل شەهید و شەش کەسی دیکەش بریندار بوون، کە رەوشی تەندروستیی هەندێک لە بریندارەکان ناجێگیرە".

دوای بۆردومانەکەش لە راگەیەندراوێکدا سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەرپرسیاریەتی خۆی لە هێرشەکەی سەر هەولێر راگەیاند و ئاشکرایکردووە هێرشەکە بە مووشەکی بالیستی بووە.

هەروەها رۆژی سێشەممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "جارێکی دیکە هەولێری سەربەرز کرایەوە ئامانجی هێرشی مووشەکیی سوپای پاسدارانی ئێران. بەداخەوە لە ئەنجامی ئەم هێرشە بێ پاساوە، شەهید و برینداری سڤیل هەیە".

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی داوای لە حکومەتی فیدراڵی دەکات هەڵوێستی توندیان هەبێت بەرامبەر بەم پێشێلکارییەی دەکرێتە سەر سەروەریی عێراق و بەتایبەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات لەسەر ئەو ستەمکارییەی بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان دەکرێت بێنە دەنگ.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رایگەیاندووە: "لە رۆژانی داهاتوودا، لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پەیوەندیی بەردەوامدا دەبین لەپێناو کۆتاییهێنان بەم هێرشە دڕندانانەی دەکرێنە سەر خەڵکی بێ تاوانی کوردستان.

لەلایەن خۆیەوە، بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024) ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر سەبارەت بەو هێرشانەی کە شەوی رابردوو کراونەتە سەر هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەولێر ئارامە و لەلایەن هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس هەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ هەر حاڵەتێک و ئەگەرێکی نەخوازراو و لەخزمەت هاووڵاتییان دەبن.

هاوکات وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن" بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئاگاداری هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێرن و لەو هێرشەدا هیچ دامەزراوەیەکی ئەمەریکا نەکراوەتە ئامانج و ئاماژەی بەوەشدا، لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیدان.