نوێترین ئاماری زیانە گیانییەکانی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر

K24 – هەولێر

بەپێی نوێترین ئامار کە لە چەند سەرچاوەیەک دەست کوردستان24 کەوتووە، بەهۆی هێرشەکەی شەوی رابردووی ئێران بۆ سەر هەولێر، پێنج هاووڵاتی سڤیل گیانیان لەدەستداوە و شەش هاووڵاتی دیکەش برینداربوون.

شەیما بایز پەیامنێری کوردستان24 لە هەولێر راگەیاند، لە هێرشەکەی شەوی رابردووی ئێران بۆ سەر هەولێر، ماڵی چەند هاووڵاتییەک کراوەتە ئامانج، بەگوێرەی نوێترین ئامار پێنج هاووڵاتی سڤیل گیانیان لەدەستداوە و شەش کەسی دیکەش بریندارن.

گوتیشی: "بریندارەکان زۆربەیان لە یەک خانەوادەن، لە نەخۆشەکانی فریاکەوتی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی هەولێر لەژێر چاودێری تەندروستی دان، یەکێک لە بریندارەکان باری تەندروستی ناجێگیرە".

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێرمان، دوو لەو کەسانەی شەهیدبوونە هاووڵاتیی بیانین وەک کارگوزار لەو ماڵێک بوونە، تائێستا تەرمی یەکێک لەو کارگوزارانە نەدۆزراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، یەکێک لە شەهیدەکان منداڵێکی تەمەن ساڵ و نیوێکە درەنگانی شەوی رابردوو تەرمەکەی لەژێر داروپەردووی خانووەکە دۆزرایەوە.

پەیامنێرمان راشیگەیاند، لەنێو بریندارەکاندا منداڵێکی تەمەن نۆ ساڵان هەیە، یەکێک لە بریندارەکانیش بەهۆی سەختی برینەکەی رەوانەی دەرەوەی وڵات دەکرێت.

کاتژمێر 11:30ـی شەوی رابردوو 15/1/2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین مووشەکی بالیستی چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی هەولێری بۆردومان کرد. دوای بۆردومانەکە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند: "جارێکی دیکە هەولێری سەربەرز کرایەوە ئامانجی هێرشی موشەکیی سوپای پاسدارانی ئێران. بەداخەوە لە ئەنجامی ئەم هێرشە بێ پاساوە، شەهید و برینداری سڤیل هەیە. داواکارم لە خوای گەورە، شەهیدەکان بە بەهەشت شاد بکات و بریندارەکان هەرچی زووتر چاک ببنەوە. بە توندی ئەم تاوانە بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان شەرمەزار دەکەم.

لە پەیامی سەرۆکی حکومەت، هاتووە: "داواش لە حکومەتی فیدراڵی دەکەم هەڵوێستی توندیان هەبێت بەرامبەر بەم پێشێلکارییەی دەکرێتە سەر سەروەریی عێراق و بەتایبەتی هەرێمی کوردستان. هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەم لە سەر ئەو ستەمکارییەی بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان دەکرێت بێنە دەنگ. لە رۆژانی داهاتوودا، لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پەیوەندیی بەردەوامدا دەبین لەپێناو کۆتاییهێنان بەم هێرشە دڕندانانەی دەکرێنە سەر خەڵکی بێ تاوانی کوردستان".

دوای رووداوەکە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پێنتاگۆن) بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئاگاداری هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێرن و لەو هێرشەدا هیچ دامەزراوەیەکی ئەمەریکا نەکراوەتە ئامانج و هیچ ئەندام و سەربازێکیان گیانیان لەدەست نەداوە.