دژەتیرۆری کوردستان: سێ درۆنی بۆمبڕێژکراو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر خرانە خوارەوە

K24 – هەولێر

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێ درۆنی بۆمبڕێژکراو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر خرانە خوارەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 16ی کانوونی دووەمی 2024، کاتژمێر: 05:05، سێ درۆنی بۆمبڕێژکراو کە ئاراستەی بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرابوون، تێکشکێندران و خرانە خوارەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە شەوی رابردوو 15/1/2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی کردە ئامانج، بەگوێرەی نوێترین ئامار پێنج هاووڵاتی سڤیل شەهید بوونە و شەش هاووڵاتی دیکەش بریندارن، زیانی زۆریش بەر ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری کەوتووە.