وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغدا بانگهێشت دەکات

وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵیۆزی ئێرانی لە بەغدا بانگهێشت کرد
وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵیۆزی ئێرانی لە بەغدا بانگهێشت کرد

K24 - هەولێر

وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغدا بانگهێشت کرد و یاداشتێکی ناڕەزایی لەبارەی هێرشەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسدران بۆ سەر هەولێر رادەست کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە، 16-01-2024، وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئێرانی لە بەغدا بانگهێشت کرد و یاداشتێکی ناڕەزایی رادەست کرد، تێیدا "کۆماری عێراق سەرکۆنەی توندی خۆی بەرامبەر ئەو دەستدرێژییەی کرایە ژمارەیەک ناوچەی هەولێر دەربڕی" کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهیدبوون و بەشێکی دیکەش بە سەختی برینداربوون.

ئەمە لە کاتێکدایە نزیکەی کاتژمێر 11:30ـی خولەکی شەوی دووشەممە، 15-01-2024، بە چەندین مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشکرایە سەر ناوچەیەکی جیاوازی شاری هەولێر. دواتر سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارییەتی هێرشەکانی لە ئەستۆ گرت.

دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو: "کاتژمێر 11:30ـی شەوی 15 لەسەر 16ی کانوونی دووەمی 2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین مووشەکی بالیستیکی چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی هەولێری بۆردوومان کرد."

وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستاندا ئاماژەی پێ دراوە، بەهۆی هێرشەکەوە، "چوار هاووڵاتیی سڤیل شەهید و 6 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە ڕەوشی تەندروستیی هەندێ لە بریندارەکان ناجێگیرە".

لای خۆیەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو)، داوای لە حکومەتی فیدراڵی کرد "هەڵوێستی توندیان بەرامبەر بەم پێشێلکارییەی دەکرێتە سەر سەروەریی عێراق و بەتایبەتی هەرێمی کوردستان هەبێت".

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات "لەسەر ئەو ستەمکارییەی بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان دەکرێت بێنە دەنگ". گوتیشی، "لە رۆژانی داهاتوودا، لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پەیوەندیی بەردەوامدا دەبین لەپێناو کۆتاییهێنان بەم هێرشە دڕندانانەی دەکرێنە سەر خەڵکی بێ تاوانی کوردستان".