دیندار زێباری: ئەم هێرشە بەزاندنی سەروەری وڵاتێکی ئەندامی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانە

د. دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان
د. دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان

K24 - هەولێر

رێکخەرى راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم رایگەیاند، بە ئامانج گرتنى هاووڵاتیانى سڤیل پێچەوانەى بنەما گشتییەکانی یاساى نێودەوڵەتى و سەرپێچییەکانە لە پرەنسیپ و رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانى مافى مرۆڤ.

د. دیندار زێباری رێکخەرى راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ کە تێیدا هاتووه،‌ ئەم هێرشە بەزاندنی سەروەری وڵاتێکی ئەندامی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و پێشێلکارییەکی روونی مافەکانی مرۆڤ و پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکانە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەکانی رابردوودا زنجیرەیەک هێرشی درۆنی و مووشەک کراوەتە سەر شاری هەولێر، دوایین هێرش و دەستدرێژی شەوی 15 لەسەر  16ـی کانووی دووەمی 2024 بوو، لە ئەنجامدا ژمارەیەک هاووڵاتی سڤیل بوونە قوربانی و زەرەر وزیانێکی زۆریش بەر ماڵ و موڵکی هاووڵاتیان کەوت.

لەراگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر شاری هەولێر، دەستدرێژییەکی ئاشکرایە بۆ سەر ژیان و ئاسایشی هاووڵاتیانى هەرێمى کوردستان و پێشێلکاریی سەروەرى خاکی عێراقە، هەروەها پێچەوانەى بڕیارى ئەنجومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتیى ژمارە (598)ـی ساڵى (1987)ە تایبەت بە وەستاندنى شەڕ و ئاگربەست لە نێوان کۆمارى عێراق و کۆمارى ئیسلامى ئێران.

لە هەمان کاتدا دەستدرێژییە بۆ سەر کاروبارى نێوخۆى وڵاتێکى خاوەن سەروەرى بەپێى بڕیارى کۆمەڵەى نەتەوەیەکگرتووەکان ژمارە (103/36) لە رێکەوتى 9ـی کانوونى یەکەمى ساڵى 1981.

راشیگەیاند، بەپێی پرەنسیپ و ئەعرافی نێودەوڵەتی پێویستە وڵاتان پابەندبوونى تەواویان هەبێت لە دەستوەرنەدان بە هەموو شێوازێک لە کاروبارى ناوخۆیى وڵاتانی دیکە بە هەر بیانوویەک بێت، ئەمەش زامنى پاراستنی ئاسایش و سەلامەتى و جێبەجێکردنى پەیماننامەى نەتەوەیەکگرتووەکانە.

باسی لەوەشکرد، بە پشتبەستن بە پێوەرەکانى یاساى نێودەوڵەتى، ئەو هێرشە موشەکییە بۆ سەر شارى هەولێر و بە ئامانج گرتنى هاووڵاتیانى سڤیل، پێچەوانەى بنەما گشتییەکانی یاساى نێودەوڵەتى و سەرپێچییە لە ماددەکانى رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانى مافى مرۆڤ و پەیماننامەى نێودەوڵەتى تایبەت بە مافە مەدەنى و سیاسییەکان کە ئاماژە بە مافى ژیان و سەلامەتى جەستە و سەروماڵى هاووڵاتیان دەکات.

دەشڵێت: بەپێی ماددەى شەشەم لە پەیڕەوى ناوخۆى ئەنجومەنى کۆمکاری وڵاتانى عەرەبى، ئەم جۆرە کردەوانە پێچەوانەى مافەکانى مرۆڤە و پێویستە لێپێچینەوە لەگەڵ ئەنجامدەرانی بکرێت و قەرەبووى ئەو زەرەر و زیانانەش بکرێتەوە کە بەر سەر و ماڵى هاووڵاتیانى سڤیل گەیشتووە.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان جەختیکردەوە، پەیماننامەى نەتەوە یەکگرتووەکان دووپاتی دەکاتەوە بۆ یەکلایى کردنەوەى کێشە و ئاڵۆزییەکان لە نێوان وڵاتان و چارەسەرکردنیان، پێویستە پەنا ببرێتە بەر رێگەى گفتوگۆکردن و لێکۆڵینەوە و نێوەندگیرى و گەڕانەوە بۆ یاسا و دادگا یان پەنابردن بۆ ئاژانس و رێکخراوە هەرێمایەتییەکان، یان هەر هۆکارێکى دیکە کە بە گونجاو دەبیندرێت.

لەراگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، پێویستە لەسەر ئەنجومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى رێوشوێنى پێویست بگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە دووبارە بوونەوەى ئەم پێشێلکاریانە لەپێناو پاراستنى ئاسایش و سەلامەتى نێودەوڵەتى و نەهێشتنى هەڕەشەکردن لە ئاسایشى عێراق و پاراستنی سەربەخۆیى و سەروەرى و ئاسایشى.

بەشى یەکەم ماددەى یەکەمی پەیماننامەى نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە دەکات بە ئامانجەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان لە پاراستنى ئاشتى و ئاسایشى نێودەوڵەتى لە رێگەى ئاشتیانە، بۆ جێبەجێکردنى ئەم ئامانجەش پێویستە لەسەر نەتەوە یەکگرتووەکان رێوشوێنى هاوبەش بگرێتەبەر بۆ رێگرى کردن لە هۆکارەکانى هەڕەشەکردن بەپێى بنەماکانى دادوەرى و یاساى نێودەوڵەتى.

هەروەک ماددەى دووەمیش ئاماژە بەوە دەکات کە نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە وڵاتان دەکات کێشەکانیان بە رێگەى ئاشتیانە چارەسەر بکەن و بە شێوەیەک کە ئاشتى و ئاسایش و دادپەروەرى نێودەوڵەتى رووبەڕووى هەڕەشە نەبێتەوە.