رێبەر ئەحمەد: بێدەنگی هەموولایەک وایکردووە هێرشە مووشەکییەکان دووبارە ببنەوە

K24 - هەولێر

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بێدەنگی هەموولایەک لە ناوخۆ و نێودەوڵەتی وایکردووە هێرشە مووشەکییەکانی ئێران دووبارە ببنەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 16ـی کانوونی دووەمی2024، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "سەرەخۆشی لە خانەوادەی قوربانیان دەکەین، بەداخەوە کە بازرگانێکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ خانەوادەکەی کراونەتە ئامانج، بە مووشەکی بالستی، بەداخەوە بە بیانووی جۆراوجۆر و پاساوی بێبنەما هەمیشە هەرێمی کوردستان بووەتە ئامانجی ئەو مووشەکانە".

گوتیشی: "بێدەنگی هەموولایەک، جا لە ناوخۆ بێت یاخود نێودەوڵەتی، هۆکارێکە بۆ دووبارە بوونەوەی ئەمجۆرە هێرشە مووشەکیانەی ئێران کە بە ناڕەوایانە ئەنجامی دەدەن، ئەم هێرشانە زۆر روونە پێشێلکردنی سەروەری عێراق و هەرێمی کوردستانە، بە پاساوی بێبنەمایە کە گوایە بارەگای ئەمنی و بارەگای ئیسرائیلییان مووشەک بارانکردووە، زۆر دوورە لە راستییەوە".

وەزیری ناوخۆ دەشڵێت: "ئەمە جاری دووەمە کە لە خانووی بازرگانی هەرێمی کوردستان دەدرێت، چەند ساڵێک بەر لە ئێستا لە خانووی شێخ باز، بازرگان درا، هەمان سیناریۆ و بوختان و درۆی بێبنەمایان کرد، هەمان لیژنەی عێراقی فیدڕاڵیش هاتنە ئێرە و سەردانی شوێنەکەیان کرد، ئەمڕۆ سەردانی شوێنەکەمان کرد، هیچ بنەمایەکی راستی نییە ئەم قسە بێ بنەمایانە نییە".

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، راشیگەیاند: "دەیانەوێت لەژێر ئەم قسە بێبنەماو درۆ و دەلەسانەوە شکستەکانی خۆیان بشارنەوە، بە وڵاتان و خەڵکی دیکە ناوێرن دێن تۆڵەی خۆیان لە خەڵکی سڤیلی ئاشتیخواز و ناوچەیەکی سەقامگیری وەک هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانە دەکەنەوە".

شەوی رابردوو 15/1/2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی کردە ئامانج، بەگوێرەی نوێترین ئامار پێنج هاووڵاتی سڤیل شەهید بوونە و شەش هاووڵاتی دیکەش بریندارن، زیانی زۆریش بەر ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری کەوتووە.