عەبدوڵڵا مەجید ئاغا: هیوادارم خوێنی براکەم بەفیڕۆ نەچێت و تۆڵەی بۆ بکرێتەوە

عەبدوڵڵا مەجید ئاغا، برای شەهید پێشڕەو دزەیی
عەبدوڵڵا مەجید ئاغا، برای شەهید پێشڕەو دزەیی

K24 – هەولێر:

برایەکی شەهید پێشڕەو ئاماژە بەوەدەکات، پێویستە رێگەچارەیەک بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی جێتر هێرش نەکرێتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان و رووداوی مووشەکبارانکردنی هاوشێوە دووبارە نەبێتەوە.

عەبدوڵڵا مەجید ئاغا، برای شەهید پێشڕەو دزەیی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، برام پێشڕەو تەنیا ناوی پێشڕەو نەبوو، بەڵکو پێشڕەو بوو لە بنیاتنانەوەی شارەکەی، پاڵپشتیکردنی پیشمەرگە و پاڵپشتی هەژاران، ئەمەش یەکێک بوو لەم هۆکارانەی کە دووژمنانی دڵتەنگ کردبوو.

برای شەهید پێشڕەو دزەیی، داوادەکات رێگەچارەیەک بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی چیتر هێرش نەکرێتەوە سەر خاکی هەرێمی کوردستان و رووداوی مووشکابارنکردنی هاوشێوە دووبارە نەبێتەوە و خەڵکانی دیکە نەبنە قوربانی.

عەبدوڵڵا مەجید ئاغا، گوتی: "هیوادارم خوێنی براکەم بەفیڕۆ نەچێت و تۆڵەی شەهیدبوونی بکرێتەوە".

درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) سووپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی کردە ئامانج، بەگوێرەی نوێترین ئامار پێنج هاووڵاتی سڤیل شەهید بوونە و شەش هاووڵاتی دیکەش برینداربوون، زیانی زۆریش بەر ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری کەوتووە.

هه‌روه‌ها ئەمڕۆ سێشەممە، 16-01-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس، باسی لە هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر کرد، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید و برینداربوون.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هێرشەکەی سەر هەولێری بە "بێ پاساو و نامەردانە" ناوبرد و گوتی: "لە ئەنجامی ئەو ‌هێرشەدا چەندین کەس گیانیان لەدەستدا. لەوانە کاکە پێشڕەو و کچەکەی و هەندێک کەسی دیکە لە خێزانەکەی بوونە قوربانی و برینداربوون. گوتیشی: "هیوادارم جێگەی شەهیدان بەهەشت بێت و بریندارەکانیش زوو چاک ببنەوە".