دیندار زێباری: هێرشه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ولێر پێشێلكاریی نێوده‌وڵه‌تییه‌

K24 – هەولێر:

رێكخه‌ری راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌ركێكی زه‌رووره‌ و پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ رێگه‌ی كه‌ناڵه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كه‌ هه‌یه‌تی، ئه‌م هێرش و پێشێلكارییه‌ی كراوه‌ته‌ سه‌ر هه‌ولێر، به‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بگه‌یه‌نێت. گوتیشی: "هێرشه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ولێر پێشێلكاریی نێوده‌وڵه‌تییه‌".

دیندار زێباری رێكخه‌ری راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، كاتی راگه‌یاندنی ئاگربه‌ست له‌ نێوان ئێران و عێراق رێكه‌وتنێك هه‌بوو كه‌ نابێت هێرشی راسته‌وخۆ بكرێته‌سه‌ر هاووڵاتییانی سڤیلی هه‌ردوو وڵات، ئه‌مه‌ی ئێستا ده‌كرێت پێشێلكارییه‌كی زه‌قی ئه‌و ئاگربه‌سته‌یه‌.

زێباری هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان په‌یماننامه‌ و پره‌نسیپ هه‌یه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات ناكرێت له‌ رێگه‌ی هێزی سه‌ربازییه‌وه‌ هێرش بكرێته‌سه‌ر هاووڵاتییانی سیڤیلی وڵاتێكی دیكه‌، كه‌ هه‌موو وڵاتان پێوه‌ی پابه‌ندن.

گوتیشی: "به‌ گوێره‌ی ئه‌ندامێتی له‌ كۆمكاری وڵاتانی عه‌ره‌بی كه‌ عێراق تێیدا ئه‌ندامه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌، له‌كاتی هێرشی له‌مشێوه‌یه‌ ده‌بێت خه‌ڵكی سیڤیلی ئه‌و وڵاته‌ هه‌م قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه و هه‌میش لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌وه‌ بكرێت".

ده‌شڵێت: "هێرشه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ولێر پێشێلكارییه‌كی نێوده‌وڵه‌تییه‌ ته‌نیا ئاسایشی هه‌ولێری تێكنه‌داوه‌‌، به‌ڵكو ئاسایشی ناوچه‌كه‌ و جیهانیشی تێكداوه‌".

ئەمە لە کاتێکدایە نزیکەی کاتژمێر 11:30ـی خولەکی شەوی دووشەممە، 15-01-2024، بە چەندین مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشکرایە سەر چه‌ند ناوچەیەکی جیاوازی شاری هەولێر. دواتر سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارییەتی هێرشەکانی لە ئەستۆ گرت.

دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو: "کاتژمێر 11:30ـی شەوی 15 لەسەر 16ی کانوونی دووەمی 2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین مووشەکی بالیستیکی چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی هەولێری بۆردوومان کرد."

وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستاندا ئاماژەی پێ دراوە، بەهۆی هێرشەکەوە، "چوار هاووڵاتیی سڤیل شەهید و 6 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە ڕەوشی تەندروستیی هەندێ لە بریندارەکان ناجێگیرە".

هه‌روه‌ها ئەمڕۆ سێشەممە، 16-01-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس، باسی لە هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر کرد، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید و برینداربوون.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هێرشەکەی سەر هەولێری بە "بێ پاساو و نامەردانە" ناوبرد و گوتی: "لە ئەنجامی ئەو ‌هێرشەدا چەندین کەس گیانیان لەدەستدا. لەوانە کاکە پێشڕەو و کچەکەی و هەندێک کەسی دیکە لە خێزانەکەی بوونە قوربانی و برینداربوون. گوتیشی: "هیوادارم جێگەی شەهیدان بەهەشت بێت و بریندارەکانیش زوو چاک ببنەوە".

وەکو ئەوەی سەرۆکوەزیران باسی کرد، "ئەم هێرشە دوژمنکارییە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان، هیچ هۆکارێکی نییە و، بەبێ پاساوە". جەختیشی کردەوە، "ئێمە لە هەرێمی کوردستان ئەوەی لە تواناماندا بووە کردوومانە بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر خزمەتی خەڵکی خۆمان بکەین و، بە شێوەیەکی ئاشتییانە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ پەرە پێ بدەین، بەڵام ئەم هێرشانە بەداخەوە کە زۆر زۆر بێ هۆکارن و نابێت بەهیچ جۆرێک بێ وەڵام بمێننەوە".

مەسرور بارزانی دەستخۆشی لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەبارەی هێرشەکەی سەر هەولێر دەکات و داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات "یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی کۆتایی بەم جۆرە هێرشانەی دەکرێنە سەر خەڵکی بێ تاوان و بێ دەسەڵاتی کوردستان بهێندرێن و، رێگەمان بدەن ئێمە بە ئاشتی و ئازادی لە وڵاتەکەی خۆمان بتوانین بژین".

هه‌روه‌ها وەزیری ناوخۆی حكومه‌تی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بێدەنگی هەموولایەک لە ناوخۆ و نێودەوڵەتی وایکردووە هێرشە مووشەکییەکانی ئێران دووبارە ببنەوە.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئیدانەی هێرشەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر كرد و رایگه‌یاند، ئەم هێرشە ناڕەوا و تاوانکارییە ئامانجى تێکدانى سەقامگیرى هەرێمى کوردستان و دروستکردنى پشێوییە و پێشێلکردنى یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەرى هەرێمى کوردستان و عێراقە.

هه‌روه‌ها قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق و سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە هێرشە مووشەکییەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر هەولێر تایبەت بۆ کوردستان24 گوتی: ئاشكرایە و بۆمان روون بووەتەوە ئەم خانووەی مووشەکبارانکراوە ماڵی بازرگانێکی مەدەنییە، نەک بنکەی موسادی ئیسرائیل.

له‌لایه‌ن خۆشییه‌وه‌ یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان له‌ په‌یامێكدا ئیدانەی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر كرد و رایگه‌یاند، خەڵکی کوردستان ئاشتی دەوێت، نەک درۆن و مووشەک.

هه‌روه‌ها ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، شەوی رابردوو لە ئەنجامی مووشەک بارانکردنی شارەکەمان بەناڕەوا لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ژمارەیەک هاووڵاتیی شەهید و برینداربوون.