محەممەد شوکری: له‌ داڤۆس جەخت له‌ پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان کرایەوە

محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان
محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان

K24 – هەولێر:

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ئەمڕۆ رۆژێکی پڕ لە چالاکی بوو بۆ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، کۆمەڵێک دیدار و کۆبوونەویە گرنگی ئەنجامدا. لەبارەی هێرشەکەی سەر هەولێریش ئاماژە بەوەدەکات، وڵاتانی جیهان بە توندی ئیدانەی ئەو کارە ناڕەوایە دەکەن و لە هەموو رووێکەوە پشتیوانی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024) محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمڕۆ رۆژێکی پڕ لە چالاکی بوو بۆ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، سەرەتا سەردانی ماڵی کوردستانی لە داڤۆس کرد و لەگەڵ وەبەرهێنەران کۆبووەوە، تێیدا باسیان لە هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر کرد.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 20 چاوپێکەوتن و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردە، وەزیرانی وڵاتان و بەڕێوەبەرانی کۆمپانیا جیهانییەکان ئەنجامدا، لە هەموو کۆبوونەوەکان جەخت لە هەماهەنگی و کاری هاوبەشی زیاتر لە رووی سیاسی، ئابووری و یارمەتیدانی هەرێمی کوردستان لە چەندین بوارەوە کرایەوە.

محەممەد شوکری، لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر شاری هەولێر دەڵێت: هەموو سەرکردە، سەرۆکوەزیران و بازرگانانی وڵاتان پشتیوانی هەرێمی کوردستانن و جەختیشیان لەوە کردەوە؛ کە نابێت ئەو دۆخە بەو شێوەیە بەردەوام بێت و دەبێت ئەو هێرشانە کۆتاییان پێبێت.

درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) سووپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی کردە ئامانج، بەگوێرەی نوێترین ئامار پێنج هاووڵاتی سڤیل شەهید بوونە و شەش هاووڵاتی دیکەش برینداربوون، زیانی زۆریش بەر ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری کەوتووە.

هه‌روه‌ها ئەمڕۆ سێشەممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس، باسی لە هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر کرد، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید و برینداربوون.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هێرشەکەی سەر هەولێری بە "بێ پاساو و نامەردانە" ناوبرد و گوتی: "لە ئەنجامی ئەو ‌هێرشەدا چەندین کەس گیانیان لەدەستدا. لەوانە کاکە پێشڕەو و کچەکەی و هەندێک کەسی دیکە لە خێزانەکەی بوونە قوربانی و برینداربوون. گوتیشی: "هیوادارم جێگەی شەهیدان بەهەشت بێت و بریندارەکانیش زوو چاک ببنەوە".