مایڵز كاگینز: ئێران نایه‌وێت هه‌رێمی كوردستان ببێته‌ هێزێكی گه‌وره‌ی ئابووری

مایڵز كاگینز، گوته‌بێژی پێشووتری هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش
مایڵز كاگینز، گوته‌بێژی پێشووتری هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش

K24 – هەولێر:

گوته‌بێژی پێشووتری هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ئێران نایه‌وێت هه‌رێمی كوردستان ببێته‌ هێزێكی گه‌وره‌ی ئابووری، ده‌شڵێت گرنگه‌ كاتێك سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌ داڤۆسه‌وه‌ سه‌ركۆنه‌ی ئه‌و مووشه‌كبارانه‌ی سه‌ر هه‌ولێر ده‌كات.

ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌ 16ـی كانوونی دووه‌می 2024) مایڵز كاگینز، گوته‌بێژی پێشووتری هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، مووشه‌كبارانكردنی هه‌ولێر تراژیدیایه‌كی دیكه‌ی زنجیره‌ تراژیدییه‌كانی دیكه‌یه‌ كه‌ له‌ عێراق روو ده‌ده‌ن.

مایڵز كاگینز ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، وێڕای ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا سه‌ركۆنه‌ی ئه‌و هێرش و مووشه‌كبارانانه‌ی كردووه‌، هاوكات حكومه‌تی عێراق به‌ناو ناوی (ئێران)ـی هێناوه‌ و سه‌ركۆنه‌ی مووشه‌كبارانكردنه‌كه‌ی كردووه‌. گوتیشی، گرنگه‌ كاتێك محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌ داڤۆسه‌وه‌ سه‌ركۆنه‌ی ئه‌و مووشه‌كبارانه‌ی سه‌ر هه‌ولێری كردووه‌.

گوته‌بێژی پێشووتری هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش باسی له‌وه‌ش كرد، ئه‌مه‌ریكا پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستانی له‌به‌رچاو گرتووه‌ وه‌ك یه‌كێك له‌ ئامانجه‌كانی له‌ عێراقدا و دانی به‌و بڕوا و بۆچوونه‌یشیدا ناوه‌.

مایڵز كاگینز جه‌ختیشیكرده‌وه‌، كێشه‌كه‌ گه‌وره‌كه‌ ئێرانه‌، كه‌ مووشه‌كی بالیستی دژی هه‌رێمی كوردستان به‌كارده‌هێنێت و مه‌به‌ستیه‌تی به‌ ئیسرائیل بڵێت ده‌مه‌وێت مووشه‌كه‌كانمان ده‌گاته‌ قووڵاییه‌كانت.

گوته‌بێژی پێشووتری هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، ئێران له‌ رێگه‌ی ئه‌و مووشه‌كانه‌وه‌ مه‌به‌ستیه‌تی په‌یام بۆ هه‌رێمی كوردستان بنێرێت، كه‌ نایه‌وێت هێزێكی گه‌وره‌ی ئابووری له‌و ناوچه‌یه‌دا هه‌بێت، كه‌ ئه‌م راستییه‌یش له‌ ئاماده‌بوونی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و شاندی ئابووری هه‌رێمی كوردستان كه‌ یاوه‌ری ده‌كه‌ن له‌ داڤۆس به‌دیده‌كرێت و مه‌به‌ستیانه‌ كوردستان له‌ رێگه‌ی داڤۆسه‌وه‌ بگه‌یه‌ننه‌ ئاستێكی پێشكه‌وتووتر.

ئەمە لە کاتێکدایە نزیکەی کاتژمێر 11:30ـی خولەکی شەوی دووشەممە، 15-01-2024، بە چەندین مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشکرایە سەر چه‌ند ناوچەیەکی جیاوازی شاری هەولێر. دواتر سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارییەتی هێرشەکانی لە ئەستۆ گرت.

دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو: "کاتژمێر 11:30ـی شەوی 15 لەسەر 16ی کانوونی دووەمی 2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین مووشەکی بالیستیکی چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی هەولێری بۆردوومان کرد."

وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستاندا ئاماژەی پێ دراوە، بەهۆی هێرشەکەوە، "چوار هاووڵاتیی سڤیل شەهید و 6 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە ڕەوشی تەندروستیی هەندێ لە بریندارەکان ناجێگیرە".

هه‌روه‌ها ئەمڕۆ سێشەممە، 16-01-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس، باسی لە هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر کرد، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید و برینداربوون.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هێرشەکەی سەر هەولێری بە "بێ پاساو و نامەردانە" ناوبرد و گوتی: "لە ئەنجامی ئەو ‌هێرشەدا چەندین کەس گیانیان لەدەستدا. لەوانە کاکە پێشڕەو و کچەکەی و هەندێک کەسی دیکە لە خێزانەکەی بوونە قوربانی و برینداربوون. گوتیشی: "هیوادارم جێگەی شەهیدان بەهەشت بێت و بریندارەکانیش زوو چاک ببنەوە".

وەکو ئەوەی سەرۆکوەزیران باسی کرد، "ئەم هێرشە دوژمنکارییە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان، هیچ هۆکارێکی نییە و، بەبێ پاساوە". جەختیشی کردەوە، "ئێمە لە هەرێمی کوردستان ئەوەی لە تواناماندا بووە کردوومانە بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر خزمەتی خەڵکی خۆمان بکەین و، بە شێوەیەکی ئاشتییانە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ پەرە پێ بدەین، بەڵام ئەم هێرشانە بەداخەوە کە زۆر زۆر بێ هۆکارن و نابێت بەهیچ جۆرێک بێ وەڵام بمێننەوە".

مەسرور بارزانی دەستخۆشی لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەبارەی هێرشەکەی سەر هەولێر دەکات و داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات "یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی کۆتایی بەم جۆرە هێرشانەی دەکرێنە سەر خەڵکی بێ تاوان و بێ دەسەڵاتی کوردستان بهێندرێن و، رێگەمان بدەن ئێمە بە ئاشتی و ئازادی لە وڵاتەکەی خۆمان بتوانین بژین".

هه‌روه‌ها وەزیری ناوخۆی حكومه‌تی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بێدەنگی هەموولایەک لە ناوخۆ و نێودەوڵەتی وایکردووە هێرشە مووشەکییەکانی ئێران دووبارە ببنەوە.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئیدانەی هێرشەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر كرد و رایگه‌یاند، ئەم هێرشە ناڕەوا و تاوانکارییە ئامانجى تێکدانى سەقامگیرى هەرێمى کوردستان و دروستکردنى پشێوییە و پێشێلکردنى یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەرى هەرێمى کوردستان و عێراقە.

هه‌روه‌ها قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق و سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە هێرشە مووشەکییەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر هەولێر تایبەت بۆ کوردستان24 گوتی: ئاشكرایە و بۆمان روون بووەتەوە ئەم خانووەی مووشەکبارانکراوە ماڵی بازرگانێکی مەدەنییە، نەک بنکەی موسادی ئیسرائیل.

له‌لایه‌ن خۆشییه‌وه‌ یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان له‌ په‌یامێكدا ئیدانەی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر كرد و رایگه‌یاند، خەڵکی کوردستان ئاشتی دەوێت، نەک درۆن و مووشەک.

هه‌روه‌ها ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، شەوی رابردوو لە ئەنجامی مووشەکبارانکردنی شارەکەمان بەناڕەوا لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ژمارەیەک هاووڵاتیی شەهید و برینداربوون.

هه‌ر ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌ په‌راوێزی به‌شداریكردنی له‌ كۆڕبه‌ندی ئابووریی داڤۆس و له‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا بۆ ئاژانسی بلومبێرگ رایگه‌یاند، هێرشه‌كه‌ی ئێران بۆ سه‌ر هه‌ولێر كارێكی دوژمنكارانه‌ی روونه‌ دژی عێراق كه‌ شوێنی نیشته‌جێبوونی كردووه‌ته‌ ئامانج و خێزانێكی كورد كه‌ منداڵیشی تێدایه‌، كراوه‌ته‌ قوربانی.

سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌و جۆره‌ كرده‌وانه‌ پێشهاتێكی مه‌ترسیدارن و په‌یوه‌ندییه‌ به‌هێزه‌كانی نێوان عێراق و ئێران بچووك ده‌كاته‌وه‌.

محه‌ممه‌د شیاع سوودانی جه‌ختیشیكرده‌وه‌، عێراق پارێزگاری له‌ مافی خۆی ده‌كات بۆ گرتنه‌به‌ری هه‌موو رێكاره‌ دیپلۆماسی و یاساییه‌كان كه‌ له‌گه‌ڵ بنه‌ما نیشتمانییه‌كان یه‌كده‌گرێته‌وه‌.