ئیتاڵیا "بە توندی" سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر هەولێر دەکات

K24 – هەولێر:

باڵیۆزخانەی ئیتاڵیا لە عێراق "بە تووندی" سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر هەولێر دەکات و رایدەگەیەنێت، خەڵکی سڤیل بەئامانجکراوە.

ئەمڕۆ سێشەممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024) باڵیۆزخانەی ئیتاڵیا لە عێراق لە پەیامێکدا رایدەگەیەنێت، پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاری قوربانییان دەکەین و هیوا زووچاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازین.

هەر لە پەیامەکەدا، باڵیۆزخانەی ئیتاڵیا لە عێراق "بە تووندی" سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر هەولێر دەکات و ئاماژە بەوە دەکات، ، لە هێرشەکەدا خەڵکی سڤیل بە ئامانجکراوە. ئاماژە بەوەشدراوە، ئەم کردەوەیە دەبێتە هۆکاری تێکدان ئاسایش و سەقامگیری عێراق.

درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) سووپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی کردە ئامانج، بەگوێرەی نوێترین ئامار پێنج هاووڵاتی سڤیل شەهید بوونە و شەش هاووڵاتی دیکەش برینداربوون، زیانی زۆریش بەر ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری کەوتووە.

هه‌روه‌ها ئەمڕۆ سێشەممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس، باسی لە هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر کرد، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید و برینداربوون.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هێرشەکەی سەر هەولێری بە "بێ پاساو و نامەردانە" ناوبرد و گوتی: "لە ئەنجامی ئەو ‌هێرشەدا چەندین کەس گیانیان لەدەستدا. لەوانە کاکە پێشڕەو و کچەکەی و هەندێک کەسی دیکە لە خێزانەکەی بوونە قوربانی و برینداربوون. گوتیشی: "هیوادارم جێگەی شەهیدان بەهەشت بێت و بریندارەکانیش زوو چاک ببنەوە".