جه‌یك سۆلیڤان: واشنتن له‌هه‌وڵی كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاڵۆزییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدایه
K24 – هەولێر:
راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا رایده‌گه‌یه‌نێت، واشنتن له‌هه‌وڵی كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاڵۆزییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدایه.
له‌میانه‌ی به‌شدارییان له كۆڕبه‌ندی داڤۆس له سویسرا، جه‌یك سۆلیڤان، راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، سه‌ره‌ڕای هێرشه‌كانی واشنتن بۆسه‌ر حووسییه‌كانی یه‌مه‌ن، هه‌وڵده‌ده‌ن ئاڵۆزییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كه‌مبكه‌نه‌وه.
سۆلیڤان روونیشیكرده‌وه، له هه‌وڵدان بۆ رێگری له فراوانبوونی شه‌ڕ و ئاڵۆزییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
بۆچوونیشی وابوو، ده‌بێ رێگری له فراوان بوونی جه‌نگی غه‌ززه له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه بكرێت.
گوتیشی: "له‌گه‌ڵ هاوبه‌شانمان له رۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاست، كارده‌كه‌ین بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و ئاراسته‌ی رێگری له فراوانبوونی ئاڵۆزییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كات".
جه‌ختیشیكرده‌وه، كه ده‌بێت ئاگاداربن له‌وه‌ی له‌سه‌ر رێچكه و رێگای ئاڵۆزی زیاتر نه‌بن.
له‌ماوه‌ی هه‌فته‌ی رابردوودا له‌به‌رامبه‌ر هێرشكردنه‌سه‌ر كه‌شتییه‌كانی ده‌ریای سوور، ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا چه‌ندین هێرشیانكرده‌سه‌ر بنكه و باره‌گا سه‌ربازییه‌كانی حووسییه‌كان له شاره جیاوازه‌كانی یه‌مه‌ن.
ئه‌مه‌ریكا له میانه‌ی جه‌نگی ئیسرائیل – حه‌ماس كه له حه‌وتی ئۆكتۆبه‌ری رابردووه‌وه ده‌ستیپێكرد و تاكو ئێستاش به‌رده‌وامه، پشتگیری سه‌ربازی له ئیسرائیل ده‌كات، سۆلیڤان له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: "ئیسرائیل مافی خۆیه‌تی به‌رگری له خۆی بكات".