کرمانج عەبدوڵڵا : هەولێر نابێتە بەشێک لە ئەجێندای ئێران بۆیە هێرشی دەکرێتە سەر

کرمانج عەبدوڵڵا
کرمانج عەبدوڵڵا

K24-هەولێر:

ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، هەولێر ناچێتە ژێر باری ئەجێندای سیاسی ئێران لە ناوچەکە، بۆیە هێرشی دەکرێتە سەر، دەشڵێت: پێویستە عێراق ئەو پێشێلکاریانەی ئێران بباتە نێوەندە نێودەوڵەتیەکان بۆ ئەوەی رێگری لە دووبارەبوونەوەی بکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە(16ی کانوونی دووەمی 2024)،کرمانج عەبدوڵڵا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی بە کوردستان24 ی راگەیاند: ئەو غەدرەی دوێنێ لە هەولێر کرا، غەدرێکی بێ بنەما بوو، ئەو تۆمەتانەی سوپای پاسدارانی ئێرانی دەیخاتە پاڵ هەرێمی کوردستان هیچ بنەمایەکی راست و دروستی تێدا نییە، ماڵی خەڵکی سڤیلیان بە ئامانج گرتووە، ناویان ناوە مۆڵگەی دژبەری ئێران و موسادی ئیسرائیلی، دەشڵێت: بۆ جیهان رۆنبۆوە کە ئەو پرۆپاگەندانە هیچ بنەمایەکیان نییە و تەنها بۆ شاردنەوەی شکستەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانە.

کرمانج عەبدوڵڵا دەڵێت: میدیاکانی عەرەبی و عێراقیش ئاماژەیان بەوە کردووە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی پاراستووە لەو ئاڵۆزیانەی لە ناوچەکەدا هەیە، بەڵام دیارە ئێران نایەوێت هیچ لایەنێک بەبێلایەنی بمێنێتەوە لەنێو ئەو ئاڵۆزیانەدا، بەڵکو دەیەوێت ببێت بە بەشێک لەو ئەجندایەی کە هەیەتی لە ناوچەکەدا، ئەجندای ئەو وڵاتەش جگەلە پشێوی، هیچ خێرێکی بۆ وڵاتەکانی ناوچەکە نەهێناوە.

ئەندامەکەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی ئاماژە بەوە دەکات، سەکردایەتی سیاسی کورد و خودی سەرۆک بارزانی نایانەوێت هەرێمی کوردستان ببێتە بەشێک لە ململانێی ناوچەکە، ئێران پێی وایە هەولێر و دهۆک بوونەتە رێگر بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەجێندایەی هەیەتی لە ناوچەکەدا، دەڵێت: لیژنە عێراقیەکەی هاتنە سەر شوێنی رووداوەکە لە هەولێر، هەموو پرۆپاگەندەکانی ئێرانیان بەدرۆ خستەوە، تێناگەین پرۆپاگەندەکان هەتا کوێ بڕ دەکات کە منداڵێکی یانزە مانگی بەناوی موسادی ئیسرائیلی دەکەنە ئامانج، پێی وایە،هەولێر کە هۆلاکۆی بەزاندووە، نەدەتوانێت مووشەکانی ئێرانیش ببەزێنێت.

لەبارەی هەڵوێستی بەشێک لە پارتە سیاسییەکانی کوردستان، کرمانج عەبدوڵڵا گوتی: هەڵوێستی خەڵکی هەولێر کە بەیەک دەنگ هاتنە دەنگ دژی ئەو هێرش و پێشێلکاریانە، جێی ئەوپەڕی دڵخۆشی و شانازی بوو، بەڵام هەندێک لە هێزە سیاسیەکان بوونەتە بەشێک لەو ئەجندا سیاسیەی پێی دەگوترێت بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی کە ئێران رابەرایەتی دەکات، کورد دەڵێت: دار کردمی لەخۆی نەبێت، تەمەنی هەزار ساڵە، ئەگەر ئەو هێزانەش یەکگرتوو بووان لەگەڵ خەڵکی کوردستان و هەولێر، ئێران نەیدەتوانێ ئەو بارودۆخە بەسەر هەولێردا بێنن، جەماوەری خۆشیان لەسەر  ئەو هەڵوێستەیان شەرمەزاریان دەکات.

دەشڵێت: دەخوازین عێراق ئەو راستیانە بگەیەنێتە ناوەندە نێودەوڵەتیەکان بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکرێت و رێگری لە دووبارە بوونەوەی ئەو پێشێلکاریانەی ئێران بکەن.