نزار حەیدەر: دەبێت حکومەتی عێراق سنوورێك بۆ پێشێلکارییەکانی ئێران دابنێت

زار حەیدەر، بەڕێوەبەری سەنتەری راگەیاندنی عێراقی لە واشنتۆن
زار حەیدەر، بەڕێوەبەری سەنتەری راگەیاندنی عێراقی لە واشنتۆن

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری سەنتەری راگەیاندنی عێراقی لە واشنتۆن، رایدەگەیەنێت؛ هێرشکردنە سەر هەولێر پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراقە و ئەمەش شتێکی مەترسیدارە.

نزار حەیدەر، بەڕێوەبەری سەنتەری راگەیاندنی عێراقی لە واشنتۆن، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دوا هەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24، پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی خانەوادەی قوربانییەکانی هێرشەکەی هەولێر دەکات و رایدەگەیەنێت، هێرشکردنە سەر هەولێر هیچ پاساوێک هەڵناگرێت.

بەڕێوەبەری سەنتەری راگەیاندنی عێراقی لە واشنتۆن، دەڵێت: ئەم هێرشە پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراقە و ئەمەش شتێکی مەترسیدارە، ئێران بووەتە هۆکاری وێرانکردنی شارێکی وەک هەولێر، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ئەم جۆرە پێشێلکارییە رەت دەکەنەوە.

نزار حەیدەر، گوتیشی: عێراق پێویستی بەوەیە هەنگاوی گەورەتر بهاوێژێت و دانوستان بکات لەگەڵ لایەنی ئێران و بڕوایان پێ بهێنێت کە جارێکی دیکە تاوانی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە، ئەگەر لایەنی ئێرانیش رازی نەبوون بە دانوستان دەبێت عێراق قسەی جیددی خۆی هەبێت و پەیوەندییەکانی خۆی لە هەموو بوارەکانەوە لەگەڵ ئێران بپچڕێنێت.

بەڕێوەبەری سەنتەری راگەیاندنی عێراقی لە واشنتۆن، ئەوەشی خستەڕوو، لە عێراق شتێک نییە بە ناوی بڕیارێکی سیاسی توند و یەکانگیر کە دەربڕی ئیرادەی عێراق بێت، ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر فشار بخاتە سەر حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی باوەڕی پێبهێنن دۆسیەکە بباتە ئەنجوومەنی ئاسایش، ئەو کاتە سوودانی هەنگاو دەهاوێژێت و باوەڕ بەوە دەکات کە ئەمە هەنگاوێکی دروستە پێویستە بیکات.

درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) سووپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی کردە ئامانج، بەگوێرەی نوێترین ئامار پێنج هاووڵاتی سڤیل شەهید بوونە و شەش هاووڵاتی دیکەش برینداربوون، زیانی زۆریش بەر ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری کەوتووە.

هه‌روه‌ها ئەمڕۆ سێشەممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس، باسی لە هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر کرد، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید و برینداربوون.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هێرشەکەی سەر هەولێری بە "بێ پاساو و نامەردانە" ناوبرد و گوتی: "لە ئەنجامی ئەو ‌هێرشەدا چەندین کەس گیانیان لەدەستدا. لەوانە کاکە پێشڕەو و کچەکەی و هەندێک کەسی دیکە لە خێزانەکەی بوونە قوربانی و برینداربوون. گوتیشی: "هیوادارم جێگەی شەهیدان بەهەشت بێت و بریندارەکانیش زوو چاک ببنەوە".