ئینتیفاز قەنبەر: ئێران نایەوێت سەرکەوتنەکانی هەولێر ببینێت

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

سیاسەتمەدار و سەرۆکی دامەزراوەی (داهاتوو) لە واشنتن رایگەیاند: هێرشکردنە سەر هەولێر بەهۆی سەرکەوتن و پێشڤەچوونەکانیەتی.

ئینتیفاز قەنبەر، لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 گوتی: "هێرشکردنە سەر هەولێر بە ئامانجگرتنی پێشکەوتن و ئاوەدانی هەرێمی کوردستانە، ئێران دەیەوێت هەرێمی کوردستان سزا بدات، ئەمەش بەهۆی سەرکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان".

گوتیشی: "وەک پێشتر باسم کردووە، سەرکەوتنی کوردستان مەترسییەکی زۆر گەورەیە بۆ سەر ئێران و وڵاتانی ناوچەکە، هەر بۆیە یەکەمجار خانووی شێخ باز بە ئامانج گیرا، کە بازرگانێک بوو لە بواری نەوت کاری دەکرد، ئەمەش بە ئامانجگرتنێک بوو بۆ بەرهەمهێنانی نەوتی کوردستان، لەدوای ئەوە بینیمان چۆن پچڕاندنی هێڵی نەوتی کوردستانی بەدوادا هات، ئەمجارە بازرگانێکی دیکە کراوەتە ئامانج، ئەویش پێشڕەو دزەیی خۆی و خێزانەکەی بە پاساوێکی بێبنەما، کە دەگوترێت ئەوان "مۆساد"ن  نەخێر لەبەر ئەوە نییە، لەبەر ئەوەیە ناوازەترین و بەرزترین کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی لە هەولێر دروستکردووە".

ئینتیفاز قەنبەر، راشیگەیاند: "ئەگەر بێت و ئێمە هێڵێک لەنێوان هەردوو رووداوەکەدا بکێشین، دەبینین ئەم بە ئامانج گرتنی سەرکەوتنەکانی هەرێمی کوردستانە، نایانەوێ ببینین کە هەولێر سەرکەوتووە و کێشەی نییە، نایانەوێت ببینن حکومەتی هەرێمی کوردستان مووشەک و بۆمب دروست ناکات، دەستدرێژی ناکاتە سەر وڵاتانی دیکە، بەڵکو خۆی دروستدەکات و خۆی بەرەو پێش دەبات، کەرتەکان بەرەو پێش دەبات و ئازادی بە خەڵکی دەبەخشێت، ئەمە ئەو شتەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیکات و ئەوانیش بەرگەی ئەو شتانە ناگرن، کە نموونەیەکی جوانی سەرکەوتن هەیە، ئەوان ناتوانن بەرگەی بگرن لەبەر شکستی تەواوی ئێران و ئەو برسێتییەی کە ئێران خۆی تێیدایە".

شەوی دووشەممە 15/1/2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی کردە ئامانج، بەگوێرەی نوێترین ئامار پێنج هاووڵاتی سڤیل شەهید بوونە و شەش هاووڵاتی دیکەش بریندارن، زیانی زۆریش بەر ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری کەوتووە.