قەتەر رێککەوتنێکی نوێی لە نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل ئەنجامدا

هاوکاری مرۆیی بۆ غەززە
هاوکاری مرۆیی بۆ غەززە

K24 - هەولێر

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، رێککەوتنێک کراوە بۆ دابینکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ خەڵکی سڤیل و دەرمان بۆ بارمتەکان.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی کانوونی دووەمی2024، ماجد ئەنساری، گوتەبێژی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، رایگەیاند، بەهاوکاری فەرەنسا توانیویانە نێوەندگیریی لە گەیشتن بە رێککەوتنێک بکەن، لە نێوان ئیسرائیل و حەماس، ئەویش بریتییە لە چوونە ژوورەوەی دەرمان و ناردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ هاووڵاتییانی مەدەنی لە کەرتی غەززە، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی زیانییان پێکەوتووە.

ئەنساری گوتیشی: "ئەمڕۆ دەرمان و هاوکارییەکان بە دوو فڕۆکەی قەتەر رەوانەی شاری "عەریش"ی میسر دەکرێت، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ گواستنەوەیان بۆ کەرتی غەززە".

لای خۆیەوە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پشتڕاستی کردەوە کە رێککەوتنەکە کراوە و روونیشیکردەوە، "دەرمانەکان لەلایەن نوێنەرانی قەتەرەوە لە کەرتی غەززە دەگوازرێنەوە بۆ ئەو شوێنەی دیاری کراوە".

فەرەنسا رایگەیاند، ئەو دەرمانانەی دەگەیەنرێنە بارمتەکان لە غەززە بەشی سێ مانگ دەکات، هیواداریشە ئەم دەستپێشخەرییە دووبارە ببێتەوە.

دانیشتوانی غەززە بەدەست کەمی سەرجەم خزمەتگوزاری و کەرەستەی سەرەتاییەوە دەناڵێنن، دوای ئەوەی ئیسرائیل لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش برینداربوون، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.

وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، دوای تێپەڕبوونی 100 رۆژ لە بۆردومان و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، 23 هەزار و 708 کەس کوژراون و 60 هەزار و پێنج کەسیش بریندار بوون.