مەسرور بارزانی: لە ئەمڕۆوە دوو هێندە کار لەسەر پرۆژەکانمان دەکەین

"کوردستان بەرەو وەرچەرخان دەڕوات"

K24 – هەولێر

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: لە ئەمڕۆوە دوو هێندە کار لەسەر پرۆژەکانمان دەکەین. کوردستان بەرەو وەرچەرخان دەڕوات.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پلاتفۆڕمی (ئێکس) تویتەری پێشوو، نووسیویەتی: "لە ئەمڕۆوە ئێمە دوو هێندە کار دەکەین لەسەر پرۆژەکانمان لە سێکتەری بانکی، پارەدانی دیجیتاڵی، وزە، کشتوکاڵ و پیشەسازی.

مەسرور بارزانی، راشیگەیاند: "کوردستان بەرەو وەرچەرخان دەڕوات".

رۆژی 15/1/2024، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی شاندێک بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس، گەیشتە سویسرا، لەو چوارچێوەیەدا دوێنی سەرۆکی حکومەت ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردە و بەرپرسانی ژمارەیەک وڵات هەبوو.

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە داڤۆس گوتی: " ئێمە بەو ئومیدە هاتووین بۆ داڤۆس، بۆ ئەوەی بەڕێگەی کۆمپانیاکان و ئەو بەڕێزانەی کە بەشدارییان لە ماڵی کوردستان کردووە، بۆ یەکەمجار کە بتوانین پەرە بە ئابووری کوردستان بدەین و پەیوەندییە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دونیا و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان فراوانتر بکەین، ئەو بەرنامانەی کە دانرابوون بۆ ئەم چەند رۆژە بەوشێوەیە رێکخرابوون، هیوادارم بتوانین لەسەر بەرنامەکانی خۆمان بەردەوام بین".