پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر هەولێر دەکەن

ماڵی ئەو هاووڵاتییەی هەولێر کە لەلایەن هێرشە تیرۆریستییەکەی سوپای پاسدارانەوە کرایە ئامانج
ماڵی ئەو هاووڵاتییەی هەولێر کە لەلایەن هێرشە تیرۆریستییەکەی سوپای پاسدارانەوە کرایە ئامانج

K24 - هەولێر

پێکهاتە و نەتەوە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بە توندی سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی سوپای پاسدرانی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر دەکەن کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید و برینداربوون.

کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریارك و سەرۆكی كەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهان، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو هێرشە مووشەکییە بالیستییەی سوپای پاسداران کە شاری هەولێری کردە ئامانج، "بێباک و نابەرپرسیارانە بوو و پێشێلکارییەکی ئاشکرابوو بۆ سەر سەروەری و سەربەخۆیی خاکی عێراق و ژیانی هاووڵاتییان".

وەکو ئەوەی لویس ساکۆ ئاماژەی پێ داوە، بەرپرسیارێتیی وڵاتان و گەلان، "پەرەدانە بە بەهاکانی ئاشتی و پێکەوەژیانی هاوبەش و رەخساندنی ژیانێکی ئاسوودە بۆ هاووڵاتییان، نەک دروستکردنی شەڕ و ململانێکان کە ئاشتی دابین ناکات".

هاوکات ئاوای سێیەم، پارتریاکی کەنسیەی رۆژهەڵاتی ئاشووری لە عێراق و جیهان، لە پەیامێکیدا کە بۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ناردووە؛ وێرای دەربڕینی سەرەخۆشی و هاوخەمی بۆ کەسوکاری قوربانیان و خەڵکی هەرێمی کوردستان؛ بە توندی سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکە دەکات.

پارتریاکی کەنسیەی  رۆژهەڵاتی ئاشووری لە عێراق و جیهان بە پێویستیشی دەزانێت جیهان لە رووبەڕووبوونەوەی ئەم جۆرە کردەوە تیرۆریستییانە یەکگرتوو بێت و کاربکەن بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی و سەقامگیری بۆ هاووڵاتییانی سڤیل.

لەلایەکی دیکەوە هەر یەکە لە مەتران بەشار مەتا وەردا، سەرۆکی ئەسقوفەکانی ئەبرەشییەی کلدانییەکان لە هەولێر؛ مەتران نیکۆدیمۆس داود مەتا، بەرپرسی پێکهاتەی ئۆرتۆدۆکسی سریانەکان لە مووسڵ، کەرکووک و هەرێمی کوردستان و، مەتران ناتانیێل نزار سامان، سەرۆکی ئەسقوفەکانی ئەبرەشییەی حەدیابی سریانی کاسۆلیکیی مووسڵ لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا بە توندی سەرکۆنەی هێرشە تیرۆریستییەکەی سوپای پاسدارانیان کرد.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، "تەواوی پاڵپشتیی خۆمان بۆ هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بۆ پاراستنی ئاسایش وڵات و هاووڵاتییانی دەردەبڕین و داوا دەکەین هەموو لایەک رێز لە سەروەری و سەربەخۆیی خاکی وڵات بگرن".

نزیکەی کاتژمێر 11:30ـی خولەکی شەوی دووشەممە، 15-01-2024، بە چەندین مووشەکی بالیستیکی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشکرایە سەر چه‌ند ناوچەیەکی جیاوازی شاری هەولێر. دواتر سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارییەتی هێرشەکانی لە ئەستۆ گرت. بەهۆی هێرشەکەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید و برینداربوون.