سوودانی و ستۆڵتنبێرگ لەسەر کۆتایهێنان بە ئەرکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق کۆبوونەوە

K24 - هەولێر

حکومەتی عێراق رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سکرتێری گشتی هاوپەیمانی ناتۆ لەسەر پرسی کۆتایهێنان بە ئەرکەکانی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق کۆبوونەوە.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی داڤۆس، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و یەنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتی هاوپەیمانی ناتۆ کۆبوونەوە و باسیان لە جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی کۆتایی هێنان بە ئەرکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق کرد.

سوودانی جەختی لەوە کردەوە، کە عێراق "هیچ گرنگی بە هاوکاریکردن لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی نادات لە بواری چەک و مەشق و کەلوپەل لە چوارچێوەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان عێراق و وڵاتانی ئەم هاوپەیمانێتییەدا."

سەرەتای ئەم مانگە، سوودانی رایگەیاند، وادەیەک دیاری دەکرێت بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لە رێگەی لیژنەیەکی دوو قۆڵییەوە کە پێکهێنرا بۆ رێکخستن و کۆتاییهێنان بە بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان لە وڵاتەکەدا، ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ئەمە "پابەندبوونێکە کە حکومەت دەیکات و پاشگەز نابێتەوە".

 "زیا ئەلناسری" راوێژکاری راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە میدیا عەرەبییەکانی گوت: حکومەتی بەغدا لایەنی ئەمەریکی لە پێویستی دەستپێکردنی دانوستان لەسەر خشتەی کاتی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەو وڵاتە ئاگادارکردۆتەوە.