راگەیەندراوێک لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە

K24 – هەولێر

سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر رایدەگەیەنێت، بۆ ئاشکراکردنی راستییەکان ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان هەموو هاوکارییەکی لیژنەی حکومەتی فیدراڵی دەکات.

سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند: "دوای ئەو هێرشە مووشەکییە ترسنۆکانەی سەر هەولێر و کاردانەوەی توندی حکومەتی فیدراڵ لە ئیدانەکردن و پێکهێنانی لێژنەی لێکۆڵینەوە، هەندێ دامودەزگای سەر بە ئێران بە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و وێنەی ساختە و ناپەیوەندیدار، دەستیان بە چەواشەکاری کردووە تاکوو پاساو بۆ کردارە دڕندانەکەیان بێننەوە".

دەشڵێت: "دامودەزگاکانی هەرێم هەموو هاوکارییەکی ئەو لێژنەیە دەکەن کە لە لایەن حکومەتی فیدراڵی پێکهاتووە و زۆر ئاشکرایە کە ئەم هێرشە خەڵکی سڤیلی هەرێمی کوردستانی کردۆتە ئامانج و ئەم هەوڵانەش ناتوانن ئاراستەی ڕای گشتیی تووڕەی هەرێم و عێراق لە بەرامبەر ئەو تاوان و پێشێلکارییە بگۆڕن".

لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا هاتووە: "هەرێمی کوردستان پابەندی دەستوور و یاساکانی عێراق و هەرێمە و، ئەو بەشەی هێزی هاوپەیمانانیش کە لە هەرێمی کوردستان بوونی هەیە بە ئاگاداری و رەزامەندیی حکومەتی فیدراڵییە".

لەو روونکردنەوەیەدا ئاماژە بەوەشکراوە: "پێویستە لە ئاستی ناوخۆی عێراق و لە ئاستی نێوەدەوڵەتیش هەنگاوی ڕژد بنرێت تاکوو سەروەریی عێراق و هەرێم بپارێزرێت و هاووڵاتییانمان لە مەترسیی ململانێ ناوچەییەکان بپارێزین".