بەرگری شارستانی: ئەو پارچە جەستەی دۆزراوەتەوە رەوانەی پزیشکی دادی کراوە

K24 - هەولێر

گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر رایگەیاند، لەرێگەی ئاسایش و ئەمبوڵانس و تیمەکانی تەندروستیی ئەو پارچە جەستەی مرۆڤ کە دۆزایەوە رەوانەی پزیشکی دادی کراوە، بۆ دڵنیا بوون لەوەی کە پارچەکە هی کارگوزارەکەیە یاخود ئەندامانی خێزانەکە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی کانوونی دووەمی 2024، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، موقەدەم کاروان عەلی، گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر رایگەیاند، ئەو پارچە جەستەی دۆزراوەتەوە دیار نییە کە ئایا پارچە جەستەی ئەو ئافرەتە کارگوزارەیە کە خەڵکی وڵاتی فلیپینە و تەمەنی 42 ساڵە بەناوی "میشێل ماندۆز" یاخود نا.

بە گوتەکانی کاروان عەلی، کارتی مۆڵەتی نشینگەی ئەو کارگوزارە دۆزراوەتەوە، لەو شوێنەی کە جێگای خەوتنەکەی بووە.

گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر، دەشڵێت: "ئێمە بەردەوامین لە پشکنینەکانمان و پشکنینەکانمان نە پچڕاندووە، بۆ ئەوەی ئەگەر پارچەی جەستەی ئەو کارگوزارەش بێت، بە تەواوی لاشە و پارچەکانی دیکەی لاشەی بدۆزینەوە، بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم بابەتە، لە رێگای ئاسایشەوە کە زۆر هاوکارمان بوون و لە رێگەی ئەمبوڵانس و تیمەکانی تەندروستییەوە ئەو پارچەیەمان رەوانەی پزیشکی دادی کردووە، بە مەبەستی دڵنیا بوون، لەوەی ئەم پارچەیە هی ئەوکارگوزارەیە یاخود نا، چونکە بەشێکی دیکەی خێزانەکە زامداربوون، بە لەدەستدانی قاچ و زامداربوونی قاچییان، بۆ ئەوەی روون بێتەوە بە دروستی پارچەکە هی خێزانەکەیە یاخود هی کارگوزارەکەیە".

شەوی 15ی کانوونی دووەمی 2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی کردە ئامانج، بەگوێرەی نوێترین ئامار پێنج هاووڵاتی سڤیل شەهید بوونە و شەش هاووڵاتی دیکەش بریندارن، زیانی زۆریش بەر ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری کەوتووە.