سەرۆک بارزانی: ئەو هێرشەی بە بیانووی بێ بنەما لەلایەن سوپای پاسدارانه‌وه‌ کرایەسەر هەولێر زوڵمێکی گەورە بوو

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی به‌ریتانیا لە عێراق دەکات

K24 – هەولێر:

رۆژی چوارشەممە 17ی کانوونی دووەمی 2024، لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز ستیڤن هیچن باڵیۆزی به‌ریتانیا لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا، باڵیۆزی به‌ریتانیا بە سەرۆک بارزانی راگەیاند کە سەردانەکەیان بۆ گەیاندنی هاوسۆزی  و پشتیوانیی وڵاتەکەیە بۆ خەڵک و هەرێمی کوردستان لە بەرانبەر ئەو پەلامارە بێ پاساوانەی کە لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێران کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان. هەروەها پرسە و سەرەخۆشیی خۆی گەیاندە سەرۆک بارزانی بۆ شەهیدبوونی چەند هاووڵاتیەکی سڤیل لەو رووداوەدا. هەروەها باڵیۆزی به‌ریتانیا رایگەیاند کە به‌ریتانیا ڕێز لە پاراستنی یەکپارچەیی و سەروەری خاکی عێراق دەگرێت و نابێت عێراق و هەرێمی کوردستان بکرێنە گۆڕەپانی توندوتیژی وڵاتانی ناوچەکە و پێویستە عێراق و وڵاتانی دراوسێ ڕێز لە سەروەری خاکی یەکتر بگرن.

سەرۆک بارزانی سوپاسی پشتیوانی و هاوسۆزی و هاوخەمیی باڵیۆز و حکومەتی به‌ریتانیای کرد، بەناوی گەلی کوردستان و بنەماڵەی شەهید و قوربانیانی کارەساتەکەی هەولێر سوپاسی گەل و حکومەتی به‌ریتانیای کرد. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە هەمیشە خوازیاری هەبوونی پەیوەندی دۆستانە و بەهێزی هەرێمی کوردستان و عێراقین لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەسەر بنەمای رێزگرتنی هاوبەش. هەروەها سەرۆک بارزانی رایگەیاند ئەو هێرشەی لەلایەن سوپای پاسداران کرایەسەر هەولێر بە بیانووی ناڕاست و بێ بنەما، زوڵمێکی گەورە بوو لە گەلی کوردستان کرا و پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان بوو. سەرۆک بارزانی ئاماژەشی بەوەدا کە بەم جۆرە پەلامارانە ئیرادەی گەلی کوردستان ناشکێ بەڵکو بەهێزتر و پتەوتر دەبێت.

لە درێژەی دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی هێمای بەوەشدا هەرگیز لەگەڵ گرژی و ئاڵۆزی و تێکچوونی پەیوەندیمان لەگەڵ هیچ وڵاتێک نیین بە پێچەوانەوە دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان هاوسەنگ و دۆستانەبن، بەڵام ناچینە ژێر باری سەپاندنی بڕیار و سیاسەتی خۆسەپێن لە لایەن هیچ وڵاتێک و دەستبەرداری بەها بەرز و پیرۆزەکانی خۆمان و دۆزی ڕەوای گەلەکەمان نابین لە ژێر هیچ فشار و پەلامارێکدا.

678