سەفین دزەیی: دەرکەوتووە تۆمەتەکانی ئێران بۆ هەبوونی بارەگای مۆساد بێ بنەمان

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەرکەوتووە تۆمەتەکانی ئێران بۆ هەبوونی بارەگای مۆساد بێ بنەمان، گوتیشی: هەموو هەوڵێک دەدرێت بۆ ئەوەی چیدیکە ئەو هێرشە مووشەکییانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان دووبارە نەبێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە (17ـی کانوونی دووەمی 2024) سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا راگەیاند، هەندێک وڵات دەیانەوێت هەرێمی کوردستان رابکێشێتە ناو ململانێ نێودەوڵەتییەکانەوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەرکی لەسەرشانە بەرامبەر پاراستنی ئەم هەرێمە و خەڵکەکەی.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، سەرجەم خەڵکی کوردستان بە شەهیدبوونی پێشڕەو دزەیی پرسەدارن، هەروەها ناوبراو رۆڵێکی کاریگەری هەبوو لە ئاوەدانکردنەوەی کوردستان.

سەفین دزەیی، گوتی: هەموو هەوڵێک دەدرێت بۆ ئەوەی چیدیکە ئەو هێرشە مووشەکییانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان دووبارە نەبیتەوە و هاووڵاتی سڤیل نەبنە قوربانی، خەڵکی کوردستان پێویستە هەست بە ئارامی و سەقامگیری بکەن و نابێت لە دڵەڕاوکێدا بێت.

درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) سووپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی کردە ئامانج، بەگوێرەی نوێترین ئامار پێنج هاووڵاتی سڤیل شەهید بوونە و شەش هاووڵاتی دیکەش برینداربوون، زیانی زۆریش بەر ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری کەوتووە.

هه‌روه‌ها رۆژی سێشەممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس، باسی لە هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر کرد، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید و برینداربوون.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هێرشەکەی سەر هەولێری بە "بێ پاساو و نامەردانە" ناوبرد و گوتی: "لە ئەنجامی ئەو ‌هێرشەدا چەندین کەس گیانیان لەدەستدا. لەوانە کاکە پێشڕەو و کچەکەی و هەندێک کەسی دیکە لە خێزانەکەی بوونە قوربانی و برینداربوون. گوتیشی: "هیوادارم جێگەی شەهیدان بەهەشت بێت و بریندارەکانیش زوو چاک ببنەوە".