سامان بەرزنجی: هیچ بریندارێکی هێرشەکەی سەر هەولێر گیانی لەدەست نەداوە
K24 – هەولێر:
وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دەڵێت: ره‌وشی ته‌ندروستی رۆژ پێشڕه‌و دزه‌یی ناجێگیره و له‌ژێر چاودێری چڕدایه و هیوادارن به ته‌ندروستییه‌كی باش نه‌خۆشخانه به‌جێبهێڵێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە (17ـی کانوونی دووەمی 2024) سامان بەرزنجی، وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، له‌باره‌ی ره‌وشی بریندارانی هێرشه مووشه‌كییه‌كه‌ی ئێران بۆ سەر هەولێر رایگه‌یاند، خۆشبه‌ختانه تائێستا هیچ بریندارێكی هێرشەکە له نه‌خۆشخانه گیانی له‌ده‌ست نه‌داوه.
گوتیشی: تەنیا ره‌وشی ته‌ندروستی رۆژ پێشڕه‌و دزه‌یی ناجێگیره و له‌ژێر چاودێری چڕدایه و هیوادارین به ته‌ندروستییه‌كی باش نه‌خۆشخانه به‌جێبهێڵێت.
وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، باسی لەوەشکرد، تیمەکانی تەندروستی هەولێر لە سەرەتای دەستپێکردنی رووداوەکە کاری زۆر گرنگیان ئەنجامداوە، بە زووترین کات بریندارەکانیان گواستەوە بۆ نەخۆشخانە، هەروەها ئەوەی لە شەوی یەکەم کرا رزگارکردنی گیانی بریندارەکان بوو.
درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) سووپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی کردە ئامانج، بەگوێرەی نوێترین ئامار پێنج هاووڵاتی سڤیل شەهید بوونە و شەش هاووڵاتی دیکەش برینداربوون، زیانی زۆریش بەر ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری کەوتووە.
هه‌روه‌ها رۆژی سێشەممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس، باسی لە هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر کرد، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید و برینداربوون.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هێرشەکەی سەر هەولێری بە "بێ پاساو و نامەردانە" ناوبرد و گوتی: "لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا چەندین کەس گیانیان لەدەستدا. لەوانە کاکە پێشڕەو و کچەکەی و هەندێک کەسی دیکە لە خێزانەکەی بوونە قوربانی و برینداربوون. گوتیشی: "هیوادارم جێگەی شەهیدان بەهەشت بێت و بریندارەکانیش زوو چاک ببنەوە".