گابرەیل سوما: دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان سەقامگیرە

گابرەیل سوما، ئەندامی پێشووی دەستەی راوێژكاری دۆناڵد ترەمپ
گابرەیل سوما، ئەندامی پێشووی دەستەی راوێژكاری دۆناڵد ترەمپ

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی پێشووی دەستەی راوێژكاری دۆناڵد ترەمپ، رایدەگەیەنێت، ئێران سەرچاوەی کێشەیە بۆ عێراق و چەندین وڵاتی دیکە، گوتیشی: ئەمەریکا لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.

گابرەیل سۆما، ئەندامی پێشووی دەستەی راوێژكاری دۆناڵد ترەمپ، بە ژووری هەواڵی کوردستان24ـی راگەیاند، ئێران زۆر کێشە دروست دەکات نەک تەنیا بۆ عێراق بەڵکو بۆ هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر بێ پاساوە، هەروەها ئەمەریکا زۆر بە توندی ئیدانەی ئەم هێرشەی کرد.

ئەو ئەندامەی پێشووی دەستەی راوێژكاری دۆناڵد ترەمپ، راشیگەیاند، ئەمەریکا هەمیشە پشتیوانی هەرێمی کوردستان بووە، ئەمەریکا پەیوەندییەکی دۆستانەی لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، هەروەها ئەمەریکا نزیکەی دوو هەزار و 500 سەربازی لە عێراق هەیە.

گابرەیل سوما، دەڵێت: ئەمەریکا لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت، ئەمەریکا سیاسەتی ئێرانی بە دڵ نییە و "پێموایە کۆشکی سپی ئێستا بیر لەوە دەکاتەوە هێرش بکاتە سەر ئەو کەسانەی کە هێرش دەکەنە سەر بنکە و بارەگاکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسداران بۆ سەر هەولێر، ئەو ئەندامەی پێشووی دەستەی راوێژكاری دۆناڵد ترەمپ سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکاری قوربانییەکان دەکات و دەڵێت: ئەوانەی کە شەهید بوونە خەڵکی سڤیل و بێ تاوانن، هەروەها هەموو جیهان بۆیان هاوخەمن.

گابرەیل سوما، باسی لە دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: دۆخی سیاسی لە هەرێمی کوردستان زۆر سەقامگیرە، ئەمەریکا پێزانینی بۆ ئەم سەقامگیرییە سیاسییەی هەرێم هەیە، هەروەها ئەگەر ناسەقامگیریش هەبێت هۆکارەکەی ئێرانە.

گوتیشی: ئێران دەیەوێت هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا بکشێنەوە، ئەگەر ئەوەش رووبدات ئەو کاتە ئێران دەرگای کراوە دەبێت و هیچ بەربەستێکی لەبەردەم نابێت بۆ ئەوەی هەژموونی خۆی بەسەر هەموو وڵاتانی ناوچەکە لە نێویشیاندا هەرێمی کوردستان بسەپێنێت، ئێران دەیەوێت کۆنترۆڵی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات، هەروەها دەیەوێت هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل و لەسەر نەخشە بیسڕێتەوە.

ئەو ئەندامەی پێشووی دەستەی راوێژكاری دۆناڵد ترەمپ، ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران سێ وڵاتی زلهێزی لە پشتە ئەوانیش چین، رووسیا و کۆریای باکوور، تاکە شت کە حکومەتی عێراق ئێستا بیکات، ئەوەیە بچێتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی سکاڵا لەسەر ئێران تۆمار بکات، لەوێدا ئەگەر ئەنجوومەنی ئاسایش بڕیارێك بدات سەرکۆنەی ئەو کردەوانەی ئێران بکات، بە دڵنیاییەوە ئەمەریکا لەم بوارەدا هاوکار دەبێت.

لەبارەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، گابرەیل سوما، گوتی: ئەرکی یەکەمی سوودانی ئەوەیە کە ئاگای لە خەڵکی خۆی بێت و وڵاتەکەی لە هێرشی بیانی بپارێزێت.