مەحمود عگێلی: ئێران بە پێشکەوتنەکانی هەولێر بێزاربووە

مەحمود حگێلی
مەحمود حگێلی

K24-هەولێر:

ئەندامێکی گشتی حزبی ئومەی عێراقی ئاماژە بەوە دەکات، ئێران بە پێشکەوتنەکانی هەولێر بێزار بووە، بۆیە هێرشی دەکاتە سەر، دەشڵێت: هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر پلان بۆ دارێژراوە و، خۆی  چاک دەزانێت بنکەی مۆساد لە هەولێر پاساوێکی بێ بنەمایە.

ئەمڕۆ چوارشەممە(17ی کانوونی دووەمی 2024)،مەحمود عگێلی ئەندامی گشتی حزبی ئومەی عێراقی لەبارەی هێرشە بێپاساوەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانی بۆ سەر هەولێر بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، هەڵوەشاندنەوەی دیداری وەزیری دەرەوەی ئێران لە داڤوس لەلایەن سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی و سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی، هەڵوێستێکی زۆر بوێرانەیە، ئەوە یەکەم هەڵوێستە وەرگیراوە لەسەر سەروەری عێراق و خوێنی خەڵکی عێراق، بۆیە دەبوا وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش باڵیۆزی ئێرانی لە عێراق دەرکردبوایە، چونکە ئەوە یەکەمجار نییە ئێران هێرش دەکاتە سەر خەڵکی بێتاوانی هەرێمی کوردستان، دەشڵێت: پەیامەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی کە سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێرانی کرد بۆ سەر هەولێر، یەکەمجارە شتێکی وایان لێ ببیستین بەو شێوە نیشتیمانیە راستەقینەیە  قسە بکات.

لەبارەی ئەو پێشێلکاریانەی ئێران دەیکات، عگێلی رایگەیاند: پێویستە لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی سکاڵا تۆمار بکرێت لەبارەی ئەو پێشێلکاریە بەردەوامانەی ئێران دەیکاتە سەر سەروەری عێراق و روحی خەڵکی بێتاوان، گوتی: هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هێرشی پلان بۆ دارێژراو بۆتەوە بەپاساوی بێ بنەما، بە پاساوی بوونی بنکەی مۆساد، دەڵێت: ئەگەر شتی وا هەبوایە بۆچی ئێمە نەماندەزانی.

لەبارەی توانای مووشەکەکانی، مەحمود عگێلی پێی وابوو، ئێران مووشەکانی دەگاتە تەلئەڤیڤ و ئیسرائیل، بەڵام هێرش ناکاتە سەر ئیسرائیل، چونکە کێشەی ئێران بە ئامانج گرتنی هەولێرە، ئاماژە بەوە دەکات، کردەوەکانی ئێران بەرنامە بۆ دارێژراوە بۆ ئەوەی فشار بخاتە سەر هەولێر و ئەجێندای خۆیان بێنن لەرێگەی میلیشیاکانەوە لە هەرێمی کوردستان بسەپێنن، میلیشیاکانیش کارێکی زۆر پیس لە ناوچەکە دەکەن کە دەیانەوێت پشێوی لە ناوچەکە دروست بکەن، ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە تێک بدەن، پێی وایە،ئەو پێشکەوتنەی لە هەولێر هەیە، ئێرانی بێزارکردووە، گوتیشی:کونسوڵی ئێران لە هەولێر زۆر باش دەزانێت بنکەی مۆساد لە هەولێر نییە، بۆیە پێم وایە هەر بەهۆی پێشکەوتنەکانەوەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەولێر لەلایەن ئێرانەوە بە ئامانج دەگیرێن.