گوتەبێژی پێنتاگۆن وەڵامی کوردستان24 دەداتەوە

پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن"
پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن"

K24 – واشنتن:

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن" لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر دەڵێت: لە هێرشەکەدا بنکە و بارەگاکانی ئەمەریکا بە ئامانج نەکرا، هەروەها هێرشەکان ئامانجەکانی خۆی نەپێکاوە.

پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن" لەمیانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە وەڵامی پرسیاری عیسا حەسەن، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، "پاراستنی سەروەری خاکی عێراق بەرپرسیارەتی حکومەتی عێراقە، ئەگەر ئەوان داوا لە ئێمە بکەن بۆ پشتیوانی، ئەوا پێویستە کۆبوونەوەی چڕوپر بکەین و لەسەری رێکبکەوین بۆ ئەوەی پشتیوانیان لێ بکەین".

گوتەبێژی، "پێنتاگۆن"، لەبارەی داعش ئاماژەی بەوەدا، داعش هێشتا هەڕەشەیە بۆ سەر جیهان، لەسەر داوای حکومەتی عێراق لەو وڵاتەین، بوونی ئێمەش لەو وڵاتە بۆ لەناوبردنی تەواوەتی داعشە، بەردەوام دەبین لە راوێژەکانمان لەگەڵ هاوبەشەکان لە ناوچەکە بۆ ئەوەی رووبەڕووی ئەو شتە ببینەوە کە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی جیهان و ناوچەکە.

گوتەبێژی، "پێنتاگۆن" لەبارەی هێرشەکانی ئێران بۆسەر هەولێر، دەڵێت: لە هێرشەکەی ئێران بۆسەر هەولێر بنکە و بارەگاکانی ئەمەریکا بە ئامانج نەکرا، هەروەها هێرشەکان ئامانجەکانی خۆی نەپێکاوە. گوتیشی: عێراق هاوپەیمانێکی نزیک و باشی ئێمەیە، ئەوەی پێویستی بێت لە بواری بەرگری بۆی دابین دەکەین.

لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ ماتیو میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکەی ئێرانی بۆ سەر هەولێر کرد و گوتی: لە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبین.

درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) سووپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی کردە ئامانج، بەگوێرەی نوێترین ئامار پێنج هاووڵاتی سڤیل شەهید بوونە و شەش هاووڵاتی دیکەش برینداربوون، زیانی زۆریش بەر ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری کەوتووە.

هه‌روه‌ها رۆژی سێشەممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس، باسی لە هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر کرد، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید و برینداربوون.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هێرشەکەی سەر هەولێری بە "بێ پاساو و نامەردانە" ناوبرد و گوتی: "لە ئەنجامی ئەو ‌هێرشەدا چەندین کەس گیانیان لەدەستدا. لەوانە کاکە پێشڕەو و کچەکەی و هەندێک کەسی دیکە لە خێزانەکەی بوونە قوربانی و برینداربوون. گوتیشی: "هیوادارم جێگەی شەهیدان بەهەشت بێت و بریندارەکانیش زوو چاک ببنەوە".