لە سنووری سلێمانی مۆڵەت بە خۆپیشاندان دژی هێرشەكەی ئێران بۆ سەر هەولێر نادرێت

K24 – چەمچەماڵ:

بەرپرسی ناوەندی باڵای چەمچەماڵی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند، قایمقامییەتی چەمچەماڵ تاوەکو ئێستا وەڵامی داواکەی ئێمەیان نەداوەتە بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان لەو سنوورە دژی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (18ـی کانوونی دووەمی 2024) حوسێن ئەنوەر، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسی ناوەندی باڵای چەمچەماڵی ئەو رێكخراوە بە کوردستان 24ـی راگەیاند، "داوای مۆڵه‌تی خۆپیشاندان و گردبوونه‌وه‌ی ناڕەزاییمان له‌ قایمقامیەتی چه‌مچه‌ماڵ كردبوو بۆ سەركۆنەكردنی هێرشەكەی ئێران بۆ سه‌ر هه‌ولێر داوامان كردبوو ئەمڕۆ  كاتژمێر 10:30 خۆپیشاندانه‌كه‌ ئه‌نجام بده‌ین، به‌ڵام تائێستا وه‌ڵاممان نه‌دراوه‌ته‌وه‌، سه‌ردانی قایمقامیەتیشمان كردووه‌ هیچ وه‌ڵامێكیان پێ نه‌داوین".

گوتیشی: رێگەنەدان بە خۆپیشاندانی مەدەنییانە بۆ ئیدانەکردنی تاوانێكی گەورەیە كە دەرهەق بە گەلی كوردستان كراوە، كارێكی خراپە و دەبوایە ئیدارەی چەمچەماڵ خۆی پشتیوانیی ئەو هەنگاوەی بكردایە، چونكە هەولێر پایتەختی هەرێمی كوردستانە.

درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) سووپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی کردە ئامانج، بەگوێرەی نوێترین ئامار پێنج هاووڵاتی سڤیل شەهید بوونە و شەش هاووڵاتی دیکەش برینداربوون، زیانی زۆریش بەر ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری کەوتووە.

هه‌روه‌ها رۆژی سێشەممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس، باسی لە هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر کرد، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید و برینداربوون.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هێرشەکەی سەر هەولێری بە "بێ پاساو و نامەردانە" ناوبرد و گوتی: "لە ئەنجامی ئەو ‌هێرشەدا چەندین کەس گیانیان لەدەستدا. لەوانە کاکە پێشڕەو و کچەکەی و هەندێک کەسی دیکە لە خێزانەکەی بوونە قوربانی و برینداربوون. گوتیشی: "هیوادارم جێگەی شەهیدان بەهەشت بێت و بریندارەکانیش زوو چاک ببنەوە".