رێبوار بابکەیی: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە داڤۆس شۆڕشێکی گەورەی دیپلۆماسی بەرپاکرد

رێبوار بابکەیی، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەڵەتییەکان
رێبوار بابکەیی، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەڵەتییەکان

K24 – هەولێر:

پسپۆڕێکی پەیوەندییە نێودەڵەتییەکان، ئاماژە بەوەدەکات؛ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو دیدار و کۆبوونەوانەی کە لە داڤۆس ئەنجامیداوە دەرەنجامی باشیان دەبێت بۆ ئایندەی هەرێمی کوردستان. گوتیشی: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە توانا و زانیاری دیپلۆماسی خۆی توانی پەیامی مەزڵوومییەتی گەلی کوردستان بگەیەنێتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

رێبوار بابکەیی، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەڵەتییەکان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان 24، لەبارەی بەشداریکردنی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کۆڕبەندی داڤۆس رایگەیاند، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە داڤۆس شۆڕشێکی گەورەی دیپلۆماسی بەرپاکرد، بۆ ئەوەی پاڵپشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دژی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر بەدەستبهێنێت، کە ئەمەش هەنگاوێکی دیپلۆماسی گەورەیە و لە مێژووی سیاسی دیپلۆماسی بزاڤی رزگای کورد وێنای نەبووە.

ئەو پسپۆڕەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، دەڵێت: سەرۆکوەزیران لە داڤۆس توانی زۆرترین دیداری دیپلۆماسی و سیاسی ئەنجامبدات، تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانیش دەستدرێژییەکانی ئێران بووە بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی بۆ سەر هەولێری پایتەخەت.

رێبوار بابکەیی، لەبارەی میتۆدی کایەی سیاسی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ئاماژەی بەوەدا، کە خۆی لە سێ بنەمای سەرەکی دەبینێتەوە. یەکەمیان؛ ناوبراو پەیامێکی بێ دوودڵی دەگەیەنێتە بەرامبەر، دووەم؛ توانای بڕواپێهێنانی لایەنی بەرامبەری هەیە. سێیەم؛ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو دیدار و کۆبوونەوانەی کە ئەنجامیداوە دەرەنجامی باشی دەبێت بۆ ئایندەی گەلی کوردستان.

ئەو پسپۆڕەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، گوتی: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی توانی لە رێگەی ئەم دیدارانەی کە لە داڤۆس ئەنجامیداوە، توانیویەتی بە شێوەیەکی جۆراوجۆر، بە زمانێکی دیپلۆماسی سەردەم، بە توانا و زانیاری دیپلۆماسی پەیامی مەزڵوومییەتی گەلی کوردستان بگەیەنێتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

رێبوار بابکەیی، گوتیشی: سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دیداری لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران بەهۆی دوو هۆکار رەتکردەوە، یەکەمیان؛ ناوبراو نەیویست سازش لەسەر سیادەی هەرێمی کوردستان بکات. دووەم؛ بۆ پاراستنی خوێنی شەهیدانی هێرشەکەی سەر هەولێر. رەتکردنەوەی ئەم دیدارەش پەیامێکە بۆ ئەو خەڵکانەی کە لە رابردوو دەیانگوت سەرکردایەتی کورد خۆی بە لاواز دەزانێت بەرامبەر بە وڵاتان.

بۆ بەشداریکردن لە 54ـەمین کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆسی سویسڕا، رۆژی (15ـی کانوونی دووەمی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە ئەو وڵاتە و رۆژی دواتریش دەستی بە دیدار و کۆبوونەوەکانی کرد لەگەڵ سەرۆک و سەکردە جیهانییەکان کرد و لەماوەی سێ رۆژدا، 45 دیدار و کۆبوونەوەی ئەنجامدا.