فه‌رحان جه‌وهه‌ر: ئێران ئامانجیه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكاته‌ قووڵایی ستراتیژی خۆی

فه‌رحان جه‌وهه‌ر، شرۆڤه‌كاری سیاسی
فه‌رحان جه‌وهه‌ر، شرۆڤه‌كاری سیاسی

K24 - هەولێر:

شرۆڤه‌كارێكی سیاسی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ئێران ئه‌وه‌ی نه‌شاردووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌دوای ساڵی 2003ـوه‌ ئامانجی بووه‌ هه‌رێمی كوردستان ببێته‌ قووڵایی ستراتیژی بۆ تاران، به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌ی هه‌رگیز قبووڵ نه‌كردووه‌.

ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 19ـی كانوونی دووه‌می 2024) فه‌رحان جه‌وهه‌ر، شرۆڤه‌كاری سیاسی تایبه‌ت به‌ كوردستان24 رایگه‌یاند، ئێران له‌سه‌ر زاری میدیا فه‌رمیی و نافه‌رمییه‌كانی ئه‌وه‌ی نه‌شاردووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌دوای ساڵی 2003ـوه‌ ئامانجی بووه‌ هه‌رێمی كوردستان ببێته‌ قووڵایی ستراتیژی بۆ تاران.

فه‌رحان جه‌وهه‌ر سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، ئێران مه‌به‌ستیه‌تی هه‌رێمی كوردستان ببێته‌ یه‌مه‌ن و شوێنه‌كانی دیكه‌ی ناوچه‌كه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌شی بۆ نه‌چێته‌ سه‌ر، به‌ئامانجی ده‌گرێت.

ئه‌م شرۆڤه‌كاره‌ سیاسییه‌ باسی له‌وه‌ش كرد، هه‌رێمی كوردستان پابه‌نده‌ به‌ هه‌موو رێككه‌وتن و په‌یوه‌ندییه‌ ئاساییه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی یاسا و رێككاره‌ گشتییه‌كان، به‌ڵام هه‌رگیز ئاماده‌ نییه‌ ملكه‌چی هیچ جۆره‌ خۆسه‌پاندنێك بێت.

فه‌رحان جه‌وهه‌ر ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، گوشار و كاردانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی به‌رامبه‌ر به‌ هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كانی ئێران بۆ سه‌ر هه‌ولێر دروست بووه‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ سه‌ركۆنه‌ كراوه‌ و تادێ كاردانه‌وه‌ی زیاتریش دروست ده‌بێت.

نزیکەی کاتژمێر 11:30ـی خولەکی شەوی دووشەممە، 15-01-2024، بە چەندین مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشکرایە سەر چه‌ند ناوچەیەکی جیاوازی شاری هەولێر. دواتر سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارییەتی هێرشەکانی لە ئەستۆ گرت.

دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو: "کاتژمێر 11:30ـی شەوی 15 لەسەر 16ی کانوونی دووەمی 2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین مووشەکی بالیستیکی چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی هەولێری بۆردوومان کرد."

وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستاندا ئاماژەی پێ دراوە، بەهۆی هێرشەکەوە، "چوار هاووڵاتیی سڤیل شەهید و 6 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە ڕەوشی تەندروستیی هەندێ لە بریندارەکان ناجێگیرە".

هه‌روه‌ها رۆژی سێشەممە، 16-01-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس، باسی لە هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر کرد، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید و برینداربوون.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هێرشەکەی سەر هەولێری بە "بێ پاساو و نامەردانە" ناوبرد و گوتی: "لە ئەنجامی ئەو ‌هێرشەدا چەندین کەس گیانیان لەدەستدا. لەوانە کاکە پێشڕەو و کچەکەی و هەندێک کەسی دیکە لە خێزانەکەی بوونە قوربانی و برینداربوون. گوتیشی: "هیوادارم جێگەی شەهیدان بەهەشت بێت و بریندارەکانیش زوو چاک ببنەوە".