به‌نوێنه‌رایه‌تی مه‌سرور بارزانی، پارێزگاری هه‌ولێر بەشداری لە مەراسیمی ماڵئاواییکردن لە تەرمی كەرەم میخائیل کرد

K24 - هەولێر:

پارێزگای هه‌ولێر رایده‌گه‌یه‌نێت،  ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بە نوێنەراتی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی بەشداری لە مەراسیمی ماڵئاواییکردن لە تەرمی كەرەم میخائیل کرد.

له‌میانه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی پارێزگای هه‌ولێردا هاتووه‌: ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە 2024.1.18، بە بەشداری ئومێد خۆشناو، نوێنەری سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان مەسرور بارزانی و ژمارەیەکی دیكه‌ لە بەرپرسانی حزبی و حکومی و کەس و کاری، لە کەنیسەی مارشمۆنی لە عەنكاوە، مەراسیمی ماڵئاوایی لە تەرمی کەرەم میخائیل بەڕێوەچوو، کە لە ئەنجامی هێرشەكەی چەند رۆژی رابردووی ئێران بۆ سەر هەولێر شەهید بوو.

کەرەم میخائیل، لە بەریتانیا لەدایکبووە، لە ئیمارات دەژیا و ئەو کاتەی لە ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی هاوڕێی میوان بوو، بە مووشەکی كۆماری ئیسلامی ئێران شەهید بوو.

بنەماڵەی کەرەم میخائیل خەڵکی دەشتی نەینەوان و نیشتەجێی بەریتانیان، بڕیارە تەرمەکەی ببرێتەوە بەریتانیا و لەوێ بەخاکبسپێردرێ.

درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشیکردە سەر شاری هەولێر و چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی کردە ئامانج، بەگوێرەی ئاماره‌كان پێنج هاووڵاتی سڤیل شەهید و شەش هاووڵاتی دیکەش برینداربوون، زیانی زۆریش بەر ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری کەوت.