گرژییەکانی دەریای سوور، رێککەوتنی عێراق و تورکیا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت خێراتر دەکات

K24– هەولێر:

سەنتەرێکی توێژینەوەی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێکدا ئاشکرایدەکات، گرژییەکانی دەریای سوور، رێککەوتنی عێراق و تورکیا بۆ دەستپێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوت لەبەندەری جەیهانەوە خێراتر دەکات.

سەنتەری توێژینەوەی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی کە بارەگاکەی لە لەندەنە، راپۆرتێکی دەربارەی گرژییەکانی دەریای سوور و نرخی نەوت لەجیهاندا بڵاوکردووەتەوە و تیایدا باس لەوەدەکات، مەترسی حووسییەکان لە دەریای سوور کرێی گواستنەوەی نەوت و کەلوپەلەکانی دیکەی بەڕێژەی 100% بەرزکردووەتەوە، هەر بەهۆی ئەو مەترسییانەوە ئەگەری هەیە رێککەوتنی عێراق و تورکیا بۆ دەستپێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوت لەبەندەری جەیهانەوە خێراتر بکات.

ئەو سەنتەرە نێودەوڵەتییە ئاماژەی بەوەشداوە، عێراق تاکۆتایی ساڵی 2027 نزیکەی 28 ملیۆن مەتر سێجا گازی سرووشتی بەرهەم دەهێنێت، کە ئەمەش وادەکات ئەگەری دروستکردنی بۆرییەکی تایبەت بەهەناردەی گازی سرووشتی بەرەو تورکیا لەهەرێمی کوردستانەوە بێتە ئاراوە.

رۆژی پێنجشەممە (11ـی کانوونی دووەمی 2024) ئالپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی رایگەیاند، هیچ بەربەستێکی تەکنیکی لەبەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتدا نییە، بەڵام بەهۆی رێکنەکەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر ئەم پرسە، تا ئێستا هەناردەکردنەوەی نەوت دەستیپێنەکردووەتەوە. گوتیشی: هانی هەولێر و بەغدا دەدەن بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکەن و جارێکی دیکە هەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێبکاتەوە.

له‌ 25ی ئاداری ساڵی رابردووه‌وه‌ تاوەكو ئێستا هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ رێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا وه‌ستاوه‌، به‌غدا و هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره‌ خه‌ریكی ئه‌نجامدانی دانووستانن بۆ دووباره‌ هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، هەروەها راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان جگەلەوەی زیانی بە بودجە و ژێرخانی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیاندووە، هاوکات بووەتەهۆی کەمبوونەوەی نزیکەی نیو ملیۆن بەرمیل لە بازاڕی وزەی جیهانییدا، ئەمەش وایکردووە ئەمەریکا داوا بکات پەلە بکرێت لە دەستپێکردنەوەی ئەوە بڕە نەوتە.