میسال ئالووسی: هەرێمی کوردستان خاوەن ئیرادەیە و خۆی بەدەستەوە نادات

میسال ئالووسی، سیاسەتمەدار
میسال ئالووسی، سیاسەتمەدار

K24 – هەولێر:

سیاسەتمەدارێك، دەڵێت: هەموو پاساوەکانی ئێران ناڕاستن و لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شکستی هێناوە، بۆیە پێویستە ئیدارەی ئێران بە سیاسەتەکانی خۆیان دابچنەوە و رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرن.

میسال ئالووسی، سیاسەتمەدار، بە کوردستان24ـی راگەیاند، پێش رژێمی بەعسی عێراق و دوای ئەو رژێمەش هەرێمی کوردستان هەمیشە کراوەتە ئامانج، هەر کاتێک کورد داوای مافەکانی خۆی بکات گڵۆپی سووری بۆ هەڵدەکرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کورد هەرگیز کۆڵی نەداوە لە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواکانی خۆی.

ئەو سیاسەتمەدارە ئاماژە بەوەش دەکات، هاوپەیمانەکانی تارانیش لە بەغدا سەرکۆنەی ئەو هێرشە مووشەکییە بۆ سەر هەولێر دەکەن، ئەمە واتەی ئەوەیە ئێران لە هەرێمی کوردستان، بەغدا و وڵاتانی ناوچەکەش دۆڕاوە، تەنانەت هەموو وڵاتانی جیهان هاوخەمی و پاڵشتی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان نیشانداوە و ئەوانیش سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر هەولێریان کردووە.

میسال ئالووسی، راشیگەیاند، ئەوەی بەسەر هەولێردا هات لاوازی حکومەتی عێراقە، چونکە هەر ئەو رێگە بەوە دەدات کە رژێمی ئێران هێرشی لەو شێوەیە ئەنجامبدات، هەروەها لە ئێستدا خەڵکی ئێرانیش ناڕازینە لەو رژێمەی خۆیان.

ئەو سیاسەتمەدارە، باسی لەوەشکرد، کاتێک ئێران هێرشی کردە سەر پاکستان، حکومەتی ئەو وڵاتە وەڵامی هێرشەکەی دایەوە و ناو خاکی ئێرانی کردە ئامانج، بەڵام حکومەتی عێراق تەنیا سەرکۆنەی ئەو هێرشەی سەر هەولێری کرد هیچ هەڵوێستێکی دیکەی نەبوو.

میسال ئالووسی، دەڵیت: ئێران چەندین جار بە پاساوی جیاواز هەرێمی کوردستانی بە ئامانج کردووە، بۆیە هەموو پاساوەکانی ئێران لە درۆ پێکهاتووە، هەروەها ئەو وڵاتە لە عێراق، سووریا و لوبنان شکستی هێناوە، بۆیە پێویستە ئیدارەی کۆماری ئیسلامی بەخۆیان دابچنەوە و رێز لە مافەکانی مرۆڤ و وڵاتان بگرن.

ئەو سیاسەتمەدارە، گوتیشی: هەرێمی کوردستان لە هەموو شتێکدا سەرکەوتوو بووە، ئەم سەرکەوتنەش دەگەڕێتەوە بۆ زیرەکی سەرکردەکانی، سەرۆک بارزانی و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، سەرکەوتنەکانیان لەوەدایە خەڵک و جیهان رێز لە بڕیارەکانیان دەگرن.

میسال ئالووسی سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، هەرێمی کوردستان خاوەن ئیرادەیە و خۆی بەدەستەوە نادات.

درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) سووپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی کردە ئامانج، بەگوێرەی نوێترین ئامار چوار هاووڵاتی سڤیل شەهید بوونە و شەش هاووڵاتی دیکەش برینداربوون، زیانی زۆریش بەر ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری کەوتووە.

هه‌روه‌ها رۆژی سێشەممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس، باسی لە هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر کرد، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید و برینداربوون.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هێرشەکەی سەر هەولێری بە "بێ پاساو و نامەردانە" ناوبرد و گوتی: "لە ئەنجامی ئەو ‌هێرشەدا چەندین کەس گیانیان لەدەستدا. لەوانە کاکە پێشڕەو و کچەکەی و هەندێک کەسی دیکە لە خێزانەکەی بوونە قوربانی و برینداربوون. گوتیشی: "هیوادارم جێگەی شەهیدان بەهەشت بێت و بریندارەکانیش زوو چاک ببنەوە".