پەرلەمانتارێکی بەریتانیا سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکات

مێری گلیندن، پەرلەمانتاری بەریتانیا
مێری گلیندن، پەرلەمانتاری بەریتانیا

K24 – هەولێر:

مێری گلیندن، پەرلەمانتاری بەریتانیا دەڵێت: بە توندی ئیدانەی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکەم، هەروەها لە پەرلەمانی بەریتانیا ئەو پرسەم وروژاند کە چۆن حکومەتی بەریتانیا دەتوانێت بە باشترین شێوە هاوکار بێت بۆ پشتگیریکردن لە سکاڵای فەرمی عێراق لە نەتەوەیەکگرتووەکان سەبارە بە پێشێلکارییەکانی ئێران.

ئەمڕۆ هەینی (19ـی کانوونی دووەمی 2024) مێری گلیندن، پەرلەمانتاری بەریتانیا، بە رۆژنامەیەکی وڵاتەکەی راگەیاند، هەرێمی کوردستان ساڵانێکی زۆرە یەکێکە لە خاڵی گەشاوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، هەروەها هەرێمی کوردستان دۆستێکی نزیکی بەریتانیایە.

ئەو پەرلەمانتارەی بەریتانیا ئاماژەی بەوەشدا، هەرێمی کوردستان جێگەی شانازی ئێمەیە کە بووەتە ماڵێک بۆ پێکەوەژیانی سەرجەم ئاین و پێکهاتە جیاوازەکان.

جەختی لەوەشکردەوە، هەرێمی کوردستان رۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش.

مێری گلیندن، دەڵێت: هەولێری پایتەخی هەرێمی کوردستان ساڵانێکی زۆرە شوێنێکی ئارام و سەقامگیرە، بەڵام بەداخەوە لەم هەفتەیە لەلایەن ئێرانەوە کرا ئامانج و بە توندی ئیدانەی ئەو کارە دەکەم، کە بە شێوەیەکی دڕندانە ماڵی بازرگانێکی دیاریان کردە ئامانج، کە لە ئەنجامدا بازرگانەکە و کچە 10 مانگەکەی بوونە قوربانی.

ئەو پەرلەمانتارەی بەریتانیا، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، کە ئەو کارە دڕندانەی ئێران بە شێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن وڵاتانی جیهان ئیدانە کراوە، هەروها ئەو پرسەی لە پەرلەمانی بەریتانیا وروژاند کە چۆن حکومەت دەتوانێت بە باشترین شێوە هاوکاربێت بۆ پشتگیریکردن لە سکاڵای فەرمی عێراق لە نەتەوەیەکگرتووەکان سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی ئێران.

گوتیشی: داوام لە سەرۆکی پەرلەمانی بەریتانیا کرد کە وەزیری دەرەوە هان بدات بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەك لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە داڤۆس، هەروەها خۆشبەختانە ئەو کۆبوونەوەیەش ئەنجامدرا لە نێوانیان.

درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) سووپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی کردە ئامانج، بەگوێرەی نوێترین ئامار چوار هاووڵاتی سڤیل شەهید بوونە و شەش هاووڵاتی دیکەش برینداربوون، زیانی زۆریش بەر ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری کەوتووە.

هه‌روه‌ها رۆژی سێشەممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس، باسی لە هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر کرد، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید و برینداربوون.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هێرشەکەی سەر هەولێری بە "بێ پاساو و نامەردانە" ناوبرد و گوتی: "لە ئەنجامی ئەو ‌هێرشەدا چەندین کەس گیانیان لەدەستدا. لەوانە کاکە پێشڕەو و کچەکەی و هەندێک کەسی دیکە لە خێزانەکەی بوونە قوربانی و برینداربوون. گوتیشی: "هیوادارم جێگەی شەهیدان بەهەشت بێت و بریندارەکانیش زوو چاک ببنەوە".