ئیسرائیل لە دیمەشق دوو بەرپرسی باڵای پاسدارانی ئێرانی کوشت

هێرشی مووشەی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق
هێرشی مووشەی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق

K24 – هەولێر

لە هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشقی پایتەختی سووریا، کە کۆبوونەوەیەکی بەرپرسانی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانی کردە ئامانج، دوو راوێژکاری باڵای سەربازی سوپای پاسدارانی ئێران کوژران.

سوپای پاسداران لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تەلیگرام بڵاویکردووەتەوە، لە هێرشەکەی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر باڵەخانەیەک لە گەڕەکی مەزەی دیمەشق، دوو گەورە راوێژکاری سەربازی کوژراون.

هەروەها روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووتەوە، لە هێرشە مووشەکییەکەی ئەمڕۆی سوپای ئیسرائیل، باڵەخانەیەکی لە دیمەشق کردووەتە ئامانج و بە تەواوی وێرانیکردووە، کە کۆبوونەوەیەکی سەرکردەی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانی تێدا بووە، لە ئەنجامدا پێنج کەس کوژراون لە نێویاندا بەرپرسانی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران هەن.

پێشووتر ئاژانسی سانای سووریا بڵاویکردەوە، کاتژمێر 10:45 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ، ئیسرائیل باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی لە گەڕەکی "مەزە" لە دیمەش کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل کوژراو و برینداربوون.