لایەنە شیعە و سووننه‌کان بۆ دیاریکردنی جێگرەوەی حەلبووسی هانا بۆ دادگای فیدراڵی ده‌به‌ن
K24 - هەولێر
لایه‌نه شیعە و سووننه‌كان بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی پرسی سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مان هانا بۆ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ده‌به‌ن. لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مانیش رایده‌گه‌یه‌نێت، بریاری دادگای فیدراڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه.
زیاتر له دوو مانگه په‌رله‌مانی عێراق بێ سه‌رۆكه. به‌شێكی كێشه‌كه بۆ ناكۆكی نێوماڵی سووننه‌كان و رێكنه‌كه‌وتنیان له‌سه‌ر كاندیدێكی هاوبه‌ش و به‌شێكیشی بۆ رای جیاوازی هێزه شیعه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و كاندیدانه‌ی سووننه‌كان پێشكه‌شیان دەکەن؛ ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه.
شه‌ممه‌ی رابردوو، دانیشتنی په‌رله‌مانی عێراق بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر كاندیدانی پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو. کێبڕکێیەکە له‌نێوان شه‌علان كه‌ریم، كاندیدی پارتی ته‌قه‌دووم، سالم عیساوی له پارتی سیاده و مه‌حموود مه‌شهه‌دانی كاندیدی عه‌زم بوو، دواتر هه‌ڵبژاردنه‌كه به ئاقارێكی دیكه‌دا بردرا و ناكۆكی هێزه شیعه‌كانیش بە هۆكاری دواخستنی دانیشتنه‌كه‌ی په‌رله‌مان داده‌نرێت، كه تۆمه‌تی "به‌عسیبوون"ـیان دایه پاڵ شه‌علان كه‌ریمی كاندیدی پارتی ته‌قه‌دووم.
ناكۆكییه‌كان گه‌یشته ئاستێك، لایه‌نه‌كان بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی هانایان بۆ دادگای باڵای فیدراڵی برد، كه بڕیاره رۆژی یه‌كشه‌ممه له‌سه‌ر سكاڵاكانی دژ به‌یه‌كی هێزه شیعی و سووننه‌كان كۆببێته‌وه.
له‌دژی هه‌وڵی لایه‌نه شیعه‌كان، پارتی ته‌قه‌دووم له ده‌رگای دادگای فیدراڵی ده‌دات و سكاڵای له‌دژی پێشێلكارییه‌كانی جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان تۆماركرد كه به‌هۆیه‌وه نه‌توانرا سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرێت. هاوكات له‌سه‌ر پرسی به‌خشینه‌وه‌ی پاره به په‌رله‌مانتاران، هێزه شیعه‌كان سكاڵایان تۆماركردووه و لیژنه‌یه‌كی ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ش له راستی و دروستی ده‌نگۆكان ده‌كۆڵێته‌وه.
سه‌باره‌ت به ده‌نگۆی به‌خشینه‌وه‌ی پاره، عارف حه‌مامی، له‌لیژنه‌ی یاسایی ئاشكرایكردووه، له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی خرابوونه پاڵ كاندیده‌كه‌یان، پارتی ته‌قه‌دوم هانای بۆ دادگای باڵای فیدراڵی بردووه و هه‌موولایه‌ك چاوه‌ڕوانی كۆتا بڕیاری دادگا ده‌كه‌ن. هه‌ر بڕیارێك دادگای فیدراڵی ده‌ریبكات، پرسی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مان خێراتر ده‌كات. لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌باره‌ی به‌خشینه‌وه‌ی پاره به په‌رله‌مانتارانیش ده‌ستی پێكردووه.
له‌باره‌ی هه‌وڵه‌كان بۆ گۆڕینی كاندیده‌كه‌یان، محه‌مه‌د عه‌له‌وی له پارتی ته‌قه‌دووم رایگه‌یاندووه، پارته‌كه‌یان ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێت پێداگیری له‌سه‌ر شه‌علان كه‌ریم بۆ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌كات، ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی دروستكراون هه‌وڵێكن بۆ شكستپێنانی و بۆ ئه‌وه‌ی ناچار بكرێن كاندیده‌كه‌یان بگۆڕن. ده‌شڵێت، ئه‌وه‌ی له په‌رله‌مان روویدا، هه‌وڵێك بوو بۆ دروستكردنی ئاژاوه بۆ شكستهێنان به گه‌ڕی دووه‌می ده‌نگدان، چونكه له‌گه‌ڕی یه‌كه‌مدا كاندیده‌كه‌یان زۆرترین ده‌نگی به‌ده‌ستهێنابوو.