له به‌رامبه‌ر شه‌رمه‌زاركردنی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ولێر وه‌زیری ئه‌وقاف سوپاسی مامۆستایانی ئایینی ده‌كات
K24-هەولێر:
له‌به‌رامبه‌ر شه‌رمه‌زاركردن و ئیدانه‌كردنی هێرشی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران له گوتاری هه‌ینیدا، وه‌زیری ئه‌وقاف سوپاسی مامۆستایانی ئایینی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.
ئه‌مڕۆ (شه‌ممه 20ـی كانوونی دووه‌می 2024)، دكتۆر پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌به‌رامبه‌ر سه‌ركۆنه و شه‌رمه‌زاركردنی هێرشه مووشه‌كییه‌كه‌ی سوپای پاسدارانی ئێران بۆسه‌ر هه‌ولێر له گوتاری هه‌ینیدا، سوپاسی مامۆستایانی ئایینی ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، "به پێویستی ده‌زانم سوپاسی ھەموو ئەو مامۆستا بەڕێز و ئایین پەروەر و نیشتمانپەروه‌رانه بکەین، کە لە وتاری رۆژی ھەینی رابردوو زۆر بوێرانە و دڵسۆزانە سەرکۆنە و شەرمەزاری ئەوھێرشە زاڵمانەیانکرد، کە کرایە سەر ھەولێری پایتەخت".
وه‌زیری ئه‌وقاف هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "بە درێژای مێژووی رژێمە یەک لەدوای یەکانەوە ھەوڵی سڕینەوە و سەرکوتکردنمان دراوە، بەڵام لە ئەنجامدا ئیرادەی خەڵکی کوردستان سەردەکەوێ و ئەمجارەش ھەر سەردەکەوین".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ئەوەی جێگەی تێڕامانی ھەموومان بوو، وڵاتێکی دراوسێ، کە خۆی بە وڵاتێکی ئیسلامی دادەنێت، بە ژمارەیەک مووشه‌كی زۆر پێشکەوتوو ھێرش بکاتە سەرهه‌ولێر و ھاووڵاتی و منداڵ شەھیدبکات، دەکرا ئەم شێوە ھێرشانە لە شوێنی دیكه و لە دژی ناحەزەکانی خۆی بەکاریان بێنێ، کە ڕۆژانە ئەفسەر و بەرپرسی وڵاتەکەیان لە ناوئێران و دەرەوەی ئێران دەکوژێن، نەک دژی میللەتێکی ستەملێکراو موسڵمانی وەک کورد بەکاریبێنێت".
گوتیشی: "دوور لە رووانین و ھەر بابەتێکی دیكه‌ی سیاسی، ئەم جۆرە ھەڵویستە نیشتمانیانەی ئێوەی بەڕێز، ئەرکێکی ئایینی و نیشتمانی و ئەخلاقیە، ھەموو چین و توێژەکان بە یەکدەنگی، لەم جۆرە کارە ناڕەوایانە دەریبڕن و دەنگ ھەڵبڕن دژی بوەستنەوە".
کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە چوار هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون.