بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر؛ هەموو کورد یەکدەنگ و هاوسۆزن

خۆپیشاندانی رەوەندی کوردستانی لە بەلجیکا - وێنە: کوردستان24
خۆپیشاندانی رەوەندی کوردستانی لە بەلجیکا - وێنە: کوردستان24

K24 – هەولێر:

ئیدانەکردنی هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر، ناڕەزایەتی جەماوەری لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان و ناڕەزایەتی نەتەوەیی و نێودەوڵەتیشی لەسەر ئاستی رەوەندی کوردستانی و وڵاتانی جیهان بەدوای خۆیدا هێناوە.

درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) بە مووشەکی بالیستی هێرش کرایە سەر هەولێر و هاووڵاتییانی سڤیلی کردە ئامانج، لە ئەنجامدا چوار هاووڵاتی شەهید بوون و شەش کەسی دیکەش برینداربوون کە یەکێک لە شەهیدەکان منداڵێکی ساوای شیرەخۆرەیە.

دواتر سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیاریەتی هێرشەکە لە ئەستۆ گرت و پاساوەی ئەو تاوانەشی بۆ بە ئامانجگرتنی بارەگای مۆسادی ئیسرائیلی گەڕاندەوە، کە هەر زوو ئەم تۆمەتەش لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رەتکرایەوە و دوای سەردانیکردنی شوێنی هێرشەکە و برینداران، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، کە سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوەی حکومەتی عێراقە لە هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێر، بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج ماڵی هاووڵاتییەکی مەدەنییە و بوونی بنکەی سیخوڕی ئیسرائیلی نەبووە".

کاردانەوەکانی ئەم هێرشە لەسەر ئاستی نێوخۆی هەرێمی کوردستان لەلایەن سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و چین و توێژە جیاوازەکانەوە ئیدانە کرا و هێرشەکەی ئێران بە تاوانێکی بێ پاساو و بێ بنەما وەسفکرا، تەنانەت لەسەر ئاستی جەماوەری داوای بایکۆتکردنی کڕینی کاڵای ئێرانی و پچڕاندنی پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتە کرا.

سەرۆک بارزانی لە پەیامی ئیدانەکردنی ئەو هێرشانە ئاماژەی بەوەکرد: "ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە و ئەوانەی لەپشتەوەی هێرشەکانی سەر هەولێرن، خۆیان زۆر چاک دەزانن کە بوختان و بیانوو و ئیدعاکانیان هیچ بنەمایەکی نییە و بۆ داپۆشینی کێشە و گرفتەکانیان ئەو دەستدرێژی و زوڵمە لە دژی هەولێر و خەڵکی کوردستان ئەنجام دەدەن".

هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لە داڤۆس لەبارەی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر رایگەیاند: "ئەم هێرشە دوژمنکارییە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان، هیچ هۆکارێکی نییە و بەبێ پاساوە و نامەردانەیە".

لە چەند رۆژی رابردووشدا، لە هەولێر، دهۆک، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و سبەیش لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، سەرجەم چین و توێژەکان لە پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا بۆ ئیدانەکردنی ئەو تاوانە و داواشیان لە حکومەتی فیدراڵی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، سنوورێک بۆ دەستدرێژییەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان دابنێن، کە پێشێلی سەروەری عێراق و یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافی مرۆڤیشی کردووە.

هاوکات رەوەندی کوردستانی لە وڵاتانی جیهان بە خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتی، پەیامی خەڵکی کوردستانیان بە نێوەندە نێودەوڵەتی و حکومەتەکانی جیهان گەیاند بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکانی ئێران و پاراستنی سەروەری و ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان. بۆ ئەو مەبەستەش لە ئەمەریکا، کەندا، بەریتانیا و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لەوانەش؛ به‌رلین، دۆسلدۆرف، هانۆڤه‌ر، هامبۆڕگ، ڤۆلسبۆڕگ، له‌نده‌ن، ئه‌مسته‌ردام، پاریس، ئۆسلۆ، هێلسینكی، بڕۆكسل، ڤیەننا، كۆپنهاگن، واشنتن، ستۆكهۆڵم، ئه‌سینا و جنێف به‌ڕێوه‌چوو.

لە یەکەم رۆژی هەینی دوای رووداوەکە، مامۆستایانی ئایینی لە وتاری هەینی لە مینبەری مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستانەوە، بە توندی ئیدانەی هێرشەکەی سوپای پاسدارانی ئێرانیان کرد و کوشتنی هاووڵاتییانی بێ تاوان و منداڵی شیرەخۆرەیان بە گەورەترین تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە قەڵەمدا کە لە ئایینی ئیسلامدا، خوای گەورە قەدەغەی کردووە و سزای توندی بۆ داناوە.

هێرشەکانی ئێران لەلایەن کریستیانەکان و ئێزدییەکان و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیشەوە، ئیدانە کرا و رەتکرایەوە و جارێکی دیکە جەختیان لە پێکەوەژیانی هەمووان لە هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە، کاتێک لە هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسداران بۆ سەر هەولێر، ماڵی ئەو هاووڵاتییە مەدەنییەی کرایە ئامانج کە سەرمایەدارێکی دیاری شاری هەولێر بوو، مێوانێکی کریستیانی هەبوو، پێکەوە لەو تاوانەدا گیانیان لەدەستدا و لەکاتی بەڕێوەچوونی پرسەکانیشیان لە مزگەوتی سەوافی هەولێر و کەنیسەی مارت شمونی لە عەنکاوە، بەبێ جیاوازی هاووڵاتییان و بەرپرسان بەشداربوون.

بەشداریکردنی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی (داڤۆس 2024) دەرفەتێکی گرنگ بوو بۆ گەیاندنی پەیامی خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرکردەکانی جیهان و رۆژی (18ـی کانوونی دووەمی 2024) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) لەبارەی دیدارەکانی لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان لە داڤۆس و هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ئەو چەواشەکارییانەشمان ئاشکرا کرد کە بۆ بە ئامانجگرتنی هاووڵاتییانی سڤیلی بێتاوان باس دەکران".

جگە لە ئیدانەکردنی راستەوخۆی هێرشەکانی ئێران لەلایەن زۆربەی وڵاتانی جیهانەوە چ لەسەر ئاستی باڵای دەوڵەتان و چ لە ئاستی نوێنەرایەتی دیپلۆماسییەکانیان لە بەغدا و هەولێر، لە کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ سەرۆک و سەرکردکانی جیهان، هاوسۆزی و پشتیوانی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە، لەوانەش: ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا، دەیڤد کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و چەندین سەرۆک و وەزیری دەرەوەی وڵاتانی دیکە.

هەر لە درێژەی کاردانەوەکاندا، هەردوو ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و دهۆک، داوایان لە هاووڵاتییان و بازرگانانی هەرێمی کوردستان کرد بایکۆتی هێنان و بەکارهێنانی کاڵای ئێرانی بکەن و جەختیان کردەوە کە بەدوای دۆزینەوەی جێگرەوە دەگەڕێن بۆ کاڵای ئێرانی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان.