وەزیری بەرگری عێراق لێکۆڵینەوە لە شەڕی دوو ئەفسەر دەکات

شەرێ دوو ئەفسەرەکە
شەرێ دوو ئەفسەرەکە

K24 – هەولێر:

بڵاوبوونەوەی گرتەڤیدیۆی شەڕی نێوان دوو ئەفسەر کارانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و وەزیری بەرگری عێراقی ناچارکرد، لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکبهێنێت، بەهۆی ئەوەی موقەدەمێک لە عەقیدێک دەدات بەهۆی بوونی هەڵە لە نووسراوێکدا.

لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بە فراوانی گرتەڤیدیۆی شەڕی نێوان دوو ئەفسەری سوپای عێراق بڵاوبووەتەوە کە ئەفسەرێک بە پلەی موقەدەم بەبێ رێزگرتن لە پلەی سەربازی، لە ئەفسەرێکی دیکە بە پلەی عەقید دەدات بەهۆی ئەوەی هەڵەیەکی لە چاپکردنی نووسراوێکدا کردووە.

وەک لە گرتەڤیدۆییەکەدا دەرکەوتووە، دوای ئەوەی موقەدەمەکە دووجار بە زللـە لە عەقیدەکە دەدات و سەرکۆنەی دەکات، لە بەرامبەردا ئەفسەرە عەقیدەکە دەست بە گریان دەکات و دەڵێت سکاڵات لێدەکەم و موقەدەمەکەش بێ منەتی خۆی نیشان دەدات و پێی دەڵێت دەچیت لەکوێ سكاڵا دەکەیت، بیکە.

بۆ بینینی ڤیدیۆکە، ئێرە کلیک بکە.

لەکاتی شەڕی نێوان ئەو دوو ئەفسەرەش، لەلایەن هاوڕێیەکی خۆیانەوە کە پێدەچێت ئەویش پلەی سەربازی هەبێت بەڵام تەنیا دەنگی لە گرتەڤیدۆییەکەدا دەرچووە، تۆمارکراوە و سەرچاوەی یەکەمجاری بڵاوبوونەوەی گرتەڤیدۆییەکەش روون نییە.

لە بەرامبەردا، سابت عەباسی، وەزیری بەرگری عێراق بڕیاریدا بە راگرتنی هەردوو ئەفسەرەکە لە بەڕێوەبردنی کارەکانیان و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەو رووداوە و بڵاوبوونەوەی گرتەڤیدۆییەکە کە هەڵسوکەوتی دوور لە رێکاری سەربازی و رێزگرتن لە پلەی سەربازی تۆمارکراوە.

لە راگەیەندراوێکدا، وەزیری بەرگری عێراق هەڵسوکەوتی دوو ئەفسەرەکەی بە منداڵانە وەسفکردووە و رایگەیاندووە بەگوێرەی یاسای خزمەت و خانەنشینی سەربازی مامەڵە لەگەڵ ئەو دوو ئەفسەرەدا دەکرێت.